کامە بەردی گورچیلە ئەگەری هاتنەخوارەوە و فڕێدانی لەخۆوەی هەیە؟!

تەندروستی

29/12/2021     ژمارەی بینراو 1141


راچڵەکین-

پزیشکێکی پسپۆر لە نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ باس لە بەردوی گورچیکە دەکات و دەڵێت، بەردی گورچیلە بریتیین لە پێکهاتەی رەق، دروست دەبن لەناو گورچیلە لە ئەنجامی نیشتن و کەڵەکەبوونی خوێ و کانزاکان. 

د. رامان صابر نانەکەلی رایگەیاندووە، بە گشتی زۆر هۆکار هەن کاریگەرییان هەیە لەسەر هاتنەخوارە یان نەهاتنەخوارەوەی بەردی گورچیلە، لەوانە (قەبارە، شوێن، ژمارە، شێوە..هتد) بەڵام گرنگترینیان بریتین لە قەبارەی بەرد لەگەڵ شوێنی بەرد. 

هەرچەند قەبارەی بەردی گورچیلە بچووکتر بێت ئەوا ئەگەری هاتنە خوارەوەی زیاتر دەبێت و بە پێچەوانەش راستە، بۆ نموونە ئەگەری هاتنەخوارەوەی بەردێکی بچووکتر لە ٥ ملم بەنزیکەیی ٧٥%، هەرچی بەردی گەورەتر لە یەك سانتیم ئەگەری هاتنە خوارەوەی کەمترە لە ٢٥%. 

سەبارەت بە شوێنی بەردیش، هەتا بەرد لە بەشی خوارەوەی رێرەوی میز بێت ئەگەری فرێدانی زیاترە، بۆ نموونە بەردێك لە بەشی سەرەوەی بۆڕی گورچیلە بێت ئەگەر فڕێدانی کەمترە لە ٥٠%، هەرچی ئەگەر بەردێك لە بەشی خوارەوەی بۆڕی گورچیلە بێت ئەگەری فڕێدانی نزیکەی ٨٠%.

لە هەندێك باردا شێوەی بەردی گورچیلەش رۆڵ دەبینێت لە زیادکردنی ئەگەری هاتنەخوارەوە، بۆ نموونە بەردێك قەبارەشی گەورەبێت، بەڵام ڕووی لووس بێت و درێژوکانی بێت، یارمەتیدەردەبێت لە هاتنەخوارەوەی بە بۆڕی گورچیلە.

گرنگە بزاندرێت کە وەرزشکردن و ئاوخواردنەوە و شلە خواردنیش یارمەتدەرن لە هاتنەخوارەوەی بەردی گورچیلە.

لەوەوە بۆمان دەردەکەوێت، هەرچەند بەرد بچووکتربێت و شوێنی لەبارتربێت ئەگەری هاتنەخوارەوە و فرێدانی لەخۆوەی زیاترە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن