وێنە؛ كادرێكی پارتی كوژرا

کوردستان

07/01/2022     ژمارەی بینراو 1960

راچڵەكین-

كادرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوژراوی لە كۆمەڵگەی خانسووری سەر بە قەزای شنگال دۆزرایەوە.

قاسم رەشۆ، كارگێڕی لقی 17ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەشنگال،  رایگەیاند:" كاتژمێر 8ی بەیانی ئەمڕۆ تەرمی ئەحمەد حسێن حەمەد خەلیل لەدایكبووی ساڵی 1979، كە كادیری ناوچەی خانەسووری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، لەنێوان هەردوو كۆمەڵگەی دووگری و دەهۆلڵا لە نزیك ناحیەی سنوونێ دۆزرایەوە و شوێنەواری گوللەیەك بەسەرییەوە دیارە". وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
 
وتیشی:" ئەو كادیرەی پارتی دوێنێ ئێوارە لەگەڵ خزمێكی خۆیدا چوونەتە كۆمەڵگەی گرعوزێر،، دوای ئەوەی تەلەفۆنێكی بۆ دێت و داوا لە ئامۆزایەكی خۆی دەكات ئۆتۆمبێلەكەی پێبدات بە كارێك دەڕوات و دەگەڕێتەوەو پێی وتوون نیو كاتژمێری پێدەچێت، بەڵام ناگەڕێتەوە و مۆبایلەكەشی دادەخرێت".
 
قاسم رەشۆ وتی: "ئەمڕۆ تەرمی ئەحمەد حوسێن دۆزرایەوە، شوێنی ئەشكەنجەش بە تەرمەكەوە دیارە".
 
قاسم رەشۆ، كارگێڕی لقی 17ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەشنگال، سەبارەت بە بكوژی ئەحمەد حسێن، وتی: "جارێ كەس تۆمەتبار ناكەین، بەڵام دیارە كادیری پارتی لەو ناوچەیە لەلایەن پەكەكە و حەشدی شەعبییەوە هەڕەشەی لێكراوە".
 
تاوەكو ئێستا لایەنە ئەمنییەكانی ناوچەكە، كە بەدەست حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و پەكەكەوەیە، هیچ روونكردنەوەیەكیان لەبارەی رووداوەكە نەداوە.



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن