لە بەغدا هێرشکرایە سەر بارەگای حەلبوسی و خەمیس خەنجەر

عێراق

14/01/2022     ژمارەی بینراو 331

راچڵەکین-

بەیانی ئەمڕۆ هەینی، هێرشکرایە سەر بارەگاکانی عەزم و تەقەدوم لە ناوچەكانی ئەعزەمییە و یەرموك لە بەغدا.

سەرچاوەیەكی ئەمنی بە میدیا عیراقییەكانی ڕاگەیاندووە، تەقینەوەی یەكەم لە رێگەی بۆمبێکەوە بووە کە خراوەتە نێو حەوشەی بارەگای هاوپەیمانی تەقەدومى لە ناوچەی ئەعزەمیە کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات و بەهۆیەوە زیانی ماددی بە تەلاری بارەگاكە گەیشتووە.

هەروەها تەقینەوەی دووەم، بارەگای هاوپەیمانی عەزمی لە ناوچەی یەرموك كردە ئامانج، کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات. بەڵام نەزانراوە تەقینەوەکە لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بووە، یان هاوشێوەی تەقینەوەی یەكەم لە رێگەی بۆمبەوە بووە كە بارەگای هاوپەیمانی تەقەدومی لە ناوچەی ئەعزەمییە كردە ئامانج.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەردوو هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم کە دوو هێزی سوننەن لە عیراق و بەجیا بەشداریی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوینەرانیان کرد و هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی ٣٧ کورسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ کورسی بەدەستهێنا و دواتریش هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێنا و بڕیاریاندا محەمەد حەلبووسی بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کاندید بکەن.
 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن