مەكتەبی سیاسی پارتی راگەیەندراوێكی توند بڵاودەكاتەوە

کوردستان

14/01/2022     ژمارەی بینراو 963

راچڵەكین –

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێكی توند لەدژی ھێرشكردنە سەر بارەگای حزبەكەی لە بەغدا بڵاودەكاتەوەو بەكارێكی تێكدەرانەی وەسفدەكات، داواش لە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عیراق دەكات، بكەری ھێرشەكە بدۆزنەوە.

لە بەشێكی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دا هاتووە،" بە ئەنجامدەران و خاوەنی ئەم جۆرە كردەوانە دەڵێین، ئەو ئسلوب و رەفتارانەتان رێگای چارەسەری كێشەكان نین، بەڵكو بارودۆخەكە زیاتر ئاڵۆز دەكەن".

دەقی راگەیەندراوەكە:

دووبارە رەفتاری ناڕەوا و دوور لە ئەخلاقی سیاسی و پێكەوەژیان و دژ بە یاسا بەرامبەر بارەگای پارتیمان لە بەغدا و چەند لایەنێكی سیاسی دیكە ئەنجامدرا و ھێرش كرایە سەریان. ئێمە لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ھێرشكردنە سەر بارەگای پارتیمان و بارەگای لایەنەكانی دیكە بەكارێكی تێكدەرانە دەزانین و ئیدانەیان دەكەین، بە ئەنجامدەران و خاوەنی ئەم جۆرە كردەوانەش دەڵێین، ئەو ئسلوب و رەفتارانەتان رێگای چارەسەری كێشەكان نین بەڵكو بارودۆخەكە زیاتر ئاڵۆز دەكەن.

پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵی بكەری ئەم ھێرشانە بدۆزنەوە و بەگوێرەی یاسا سزا بدرێن، ھەروەھا پاراستنی بارەگا و كادیرانی حزبمان و لایەنە سیاسیەكانی دیكەشیان لەئەستۆ دایە و پێویستە بیانپارێزن.

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

14ـی كانوونی دووەمی 2022

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن