گەشتیاران ئاگادار دەكرێنەوە

کوردستان

16/01/2022     ژمارەی بینراو 209

راچڵەكین-

دەروازەی حاجی ئۆمەران داوا لە هاوڵاتییان دەكات، بەهۆی خراپی كەشوهەواوە بۆ كاری زۆر گرنگ و پێویست نەبێت، گەشت نەكەن

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران راگەیەندراوێكی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوكردووەتەوەو تیایدا ھۆشداری دەدات لە خراپی بارودۆخی ناوچەكە بەھۆی كەشوھەوا و بارینی بەفرێكی زۆرەوە و داوا لە ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان و ئێران دەكات كە ئەگەر حالەتێكی زۆر پێویست نەبێت، لەئێستادا سەردانیكردنەكەیان رابگرن تا دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە.

لە راگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران-دا هاتووە: "ئاگاداری ھەموو گەشتیاران و ھاووڵاتییان دەكەین كە لەبەر بارینی بەفرێكی زۆر و سەختی رێگاكان و كەمبوونی ئاستی بینین و تێكردنی بەفرێكی زۆر بە با و كرێوە و خراپی كەشوھەوا، سەرەرای خاوێنكردنەوەی شەقام و رێگا سەرەكییەكان، لەلایەن تیمەكانی بەفر راماڵینی بەرێوەبەرایەتی چاككردنی رێگاوبان و تیمەكانی بەشی خزمەتگوزاریی دەروازەكەمان، ھەروەھا بارینی بەفرێكی زۆر لەناو رێگاكانی ناو سنووری ئێران-دا، داوا دەكەین ئەگەر بۆ كارێكی زۆر پێویست نەبێت لەئێستادا، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران نەكرێت بە مەبەستی گەشتكردن بۆ وڵاتی ئێران، ھەروەھا ئەو كەسانەی كە لە ئێرانیشەوە دەیانەوێت سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن تا بارودۆخەكە بە باشی ئاسایی دەبێتەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن