كارەبای گەرمیان لەسەر ئەو ماڵە دێتەدەنگ كە زیاتر لە 121 ملیۆن دیناری بۆ هاتووەتەوە

کوردستان

16/01/2022     ژمارەی بینراو 193

راچڵەكین –

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای گەرمیان، كێشەی ئەو ماڵە چارەسەر دەكات كە زیاتر لە 121 ملیۆن دینار كرێی كارەبایان بۆ هاتبووەوە، هۆكاری هاتنەوەی ئەو بڕە پارە زۆرەش بۆ هەڵەی چاپكردن دەگەڕێنێتەوە.

دوای ئەوەی بڵاوكرایەوە كە ماڵێك لە قەزای كەلار، بڕی 121 ملیۆن و 875 هەزارو 250 دینار كرێی كارەبای بۆ هاتووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای گەرمیان روونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، ئەو پسوڵەیە لەكاتی چاپكردندا هەڵەی تێداكراوەو پێش ئەوەی لەڕێگای ژمێركارەكانیانەوە دابەش بكرێت و بگات بەدەستی هاوبەشەكە، پێی زانراوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای گەرمیان، راشیگەیاندووە، هەڵەكە چاككراوەو پسوڵەكەش ڕاستكردنەوەی بۆكراوە، كۆی پارەكەش كە بۆ ئەو ماڵە هاتووەتەوە، بڕەكەی تەنها 591 هەزارو 250 دینارە.

لەچەند رۆژی رابردووشدا، ماڵێك لەقەزای كفری بڕی 54 ملیۆن و 671 هەزارو 500 دیناری كرێی كارەبایان بۆ هاتبووەوە، دوای تۆماركردنی سكاڵا، بەڕێوەبەرایەتی كارەبای گەرمیان روونیكردەوە كێشەكە بەهۆی هەڵەی كۆمپویتەرەوە بووەو ئەو كارمەندەشی كە هەڵەكەی كردووە، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن