ئەمریكییەك بەتۆمەتی ئەشكەنجەدانی هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان دەستگیركرا

ڕاپۆرت

19/02/2022     ژمارەی بینراو 442

راچڵەكین-

وەزارەتی دادی ئەمریكا دەستگیركردنی كەسێكی بە رەگەز ئەمریكی راگەیاند، كە حەوت ساڵ بەر لە ئێستا لە هەرێمدا بە هاوكاری چەند "سەربازێكی كورد" كەسێكیان لە هەرێم ئەشكەنجەداوە. لێكۆڵەرەوانی FBI دەڵێن لەگەڵ"ژمارەیەك سەربازی كورد" ئەم تاوانەی ئەنجامداوە.

وەزارەتی دادی ئەمەریكا ڕۆژی هەینی لە ڕاگەیاندنێكدا نووسیویەتی ڕۆس ڕۆگیۆ Ross Roggio (تەمەن 53 ساڵ) كە لە ساڵی 2015 لەگەڵ "ژمارەیەك سەربازی كورد" كەسێكی لە هەرێمی كوردستان ئەشكەنجەداوە، ڕۆژی پـێنجشەممە دەستگیركرا. وەك ماڵپەڕی دەنگی ئەمریكا بڵاویكردووەتەوە.

سەرەتای رووداوەكە چۆن بووە؟

بەپـێی یاداشتی تۆمەتەكان، ڕۆس لە ساڵی 2015 لەگەڵ بەرپرسانی كورد دەستیكردووە بەكارو ڕازیبووە سەرپەرشتی پرۆژەیەك بكات بۆ دروستكردنی كارگەیەكی چەك. بەرپرسە كوردەكانیش پـێداویستیـیەكانیان بۆ دابینكردووە لەگەڵ سەربازانی كوردیش كە لە ژێر كۆنترۆڵی ئەو بەرپرسانەدا بوون.

یەك لە كارمەندەكان، نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر پرۆژەكە دەربڕیوە. ڕۆسیش بۆ ئەوەی كارمەندەكە دەمكوت بكات، لەگەڵ ژمارەیەك سەربازی كورد چوونەتە سەر ماڵی كارمەندەكە و لەوێ كیسێكیان كردووە بە سەریدا و بە زۆر بردوویانە.

پاشان بۆ نزیكەی 39 ڕۆژ كارمەندەكە لە شوێنێكی سەربازی دەستگیركراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە. ڕۆس لەگەڵ سەربازە كوردەكان بە چەندان شێوە ئەشكەنجەیان داوە، لەوانە كیسی نایلۆنیان كردووەتە سەری و هەوایان لێبڕیوە وەك ئەوەی بیخنكێنن، كارەبایان لە ناوگەڵ و شوێنی دیكەی جەستەیان داوە هەتا ئەو ئەندازەیەی خوێن لە قۆڵی هاتووە و دەستەكانی تووشی لەرزین كردووە، بە سۆندە لێیان داوە، بە پۆستاڵەوە چوونەتە سەر سنگی، هەڕەشەیان لێكردووە پەنجەیەكی ببڕنەوە، تەنانەت جارێكیش ڕۆس پشتێنەكەی لە ملی كارمەندەكە ئاڵاندووە و ڕایكێشاوە هەتا لە هۆش خۆی چووە، وە كاتێك كە هۆشی هاتووەتەوە، سەربازێكی كوردی بە تێڵایەك بە ناوگەڵی كێشاوە.

لە وردەكاری تۆمەتەكان كە لە 38 لاپەڕە پـێكهاتووە، باس لەوە دەكرێت ڕۆس ژمارەیەك كارمەندی دیكەی هێناوە و ناچاری كردوون ببین چۆن ئەو هاوكارەیان ئەشكەنجە دەدرێت لە ڕووی جەستەیی و دەروونی.

رۆس بە چیتر تۆمەتبار كراوە؟

بەڵگەی زۆریش كۆكراونەتەوە سەبارەت بە حەواڵەكردنی پارەیەكی زۆر بۆ سەر حسابی بانكی كۆمپانیاكەی ڕۆس(Roggio Consulting Co. LLC). لە لاپەڕە 21 نووسراوە، لە مانگی دووی 2015 زیاتر لە یەك ملیۆن و 300 هەزار دۆلار لە بانكی نێودەوڵەتی كوردستان لە هەولێر خراوەتە سەر حسابی كۆمپانیاكەی ڕۆس لە بانكیPNC . لە لاپەڕە 30یش 20 حەواڵەی دیكە ئاشكراكراوە.

جگە لە تۆمەتی ئەشكەنجەدان، 37 تۆمەتی دیكە ئاڕاستەی ڕۆس ڕۆگیۆ كراوە، لەوانە ناردنی پارچە چەك لە ئەمەریكاوە بۆ هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی نایاسایی بۆ پرۆژەكەی.

دەڵێن ئەگەربێت و ئەو تۆمەتانە بەسەر ڕۆسدا ساغ ببنەوە، ئەوا بۆ ماوەی 20 ساڵ لەسەر ئەشكەنجەدانەكە شیانی هەیە زیندانی بكرێت و هەروەها 705 ساڵی دیكەش لەسەر 37 تۆمەتەكەی تر. لەگەڵ ئەوەشدا دەستدەگیرێت بەسەر سەروەت و سامانەكەی، تەنانەت 4 كاتژمێری جۆری ڕۆلێكس كە بە ڕۆس گیراوە و بەهای هەر یەكەیان بە دەیان هەزار دۆلارە.

بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن چی؟

كێنپ پۆڵایت، یاریدەدەری وەزیری دادی ئەمەریكا بۆ كاروباری بەشی تاوان لە وەزارەتی داد، وتی دەستگیركردنی ئەم تاوانبارە دەیسەلمێنێت وەزارەتی داد سزای ئەو ئەمەریكایـیانە دەدات كە توندوتیژی ئەنجام دەدەن، وە ئەركی بەشی تاوانە ئەو كەسانەی پێشێلكاری لە بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ دەكەن ڕاپێچی بەردەم دادگایان بكات.

جاكلین مەگوایەر كاربەدەست لە دەزگای لێكۆڵنەوەی فیدراڵی ئەمەریكا FBI وتی "ئەم تاوانبارە پلە و پۆستەكەی خراپ بەكارهێناوە وە سەربازانی بیانی بەكارهێناوە بۆ ترساندنی كەسێك كە جێی مەترسی بووە بۆ پیلانە گەندەڵەكەی."

وتیشی " كاری قێزەوەنی وەك ئەشكەنجەدان ئەگەر بە دەستی هاووڵاتی ئەمەریكایی بكرێت كە پێشێلیـیە بۆ یاساكانمان، ئێدی لە ئەمەریكا ئەنجام بدرێت یان لە خاكێكی بیانی، ئەوا دەزگای FBI لەسەر ئاستی جیهانیش دوای دەكەوێت و لەگەڵ هاوبەشە فیدراڵی و نێودەوڵەتیـیەكانمان كاردەكەین لە پێناوە بەدیهێنانی دادوەری بۆ هەر قوربانیـیەك، ئێدی لێرە بێت یان لە دەرەوە."

وەزارەتی دادی ئەمریكا داوا لە خەڵكی دەكات سەبارەت بە پـێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە ئەمەریكا زانیاری بە دەزگای FBI بدەن لە ڕێگەی ژمارە تەلەفۆنی (5324-225-800-1) یان لە ڕێگەی ئەم ماڵپەڕەی دەزگاكەوە https://www.fbi.gov/tips .

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن