مەحمود مەشهەدانی لە قسەكانی بەرامبەر سیستانی پاشگەزدەبێتەوە

عێراق

18/05/2022     ژمارەی بینراو 225

مەحمود مەشهەدانی

راچڵەكین –

مەحمود مەشهەدانی سەركردە لە هاوپەیمانی عەزم، لەو رەخنەیەی پاشگەزدەبێتەوە كە لە عەلی سیستانی گرتبوو بەهۆی بێدەنگبوونی لەئاست چارەسەركردنی قەیرانە سیاسییەكانی عیراق و رایدەگەیەنێت: دەستكاری ناوەڕۆكی لێدوانەكەم كراوەو پەیامەكەشم بۆ سیستانی لەو روانەگەیەوە بووە كە باوكی رۆحییەو هەمووان بە جیاوازی ئاراستەو مەزهەبەكانەوە گوێی لێدەگرن و بەقسەی دەكەن.

دوای ئەوەوەی مەحمود مەشهەدانی لە پەیامێكدا كە ئاراستەی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعەی كردبوو، تێیدا رەخنەی ئەوەی لێگرتبوو كە دەستوەردان ناكات بە ئاراستەی چارەسەركردنی قەیرانە سیاسییەكانی عیراق، پەیامەكە هەرایەكی گەورەی لەناو ریزەكانی شیعە لێكەوتەوەو هێرشێكی گەورەیان كردەسەری.

ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی عەزم، روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەكردووە كە دەستكاری ناوەڕۆكی پەیامەكەی كراوەو شێوێندراوە.

مەشهەدانی لە روونكردنەوەكەیدا رایگەیاندووە، بەر لە هەرشتێك ئێمە رێزو پێزانینێكی زۆرمان بۆ مەرجەعە باڵاكانمان هەیە، كە خاوەن حیكمەت و پلەو پایەی بەرزو باڵان، رەخنەكانیشم لە كەسێكی بچوكەوە بۆ كەسێكی گەورە بووە، كە ئامانج لێی پەرۆشیم بووە بۆ داواكردن لە باوكی رۆحی، كە هەمووان بە جیاوازی ئاراستەو مەزهەبەكانەوە گوێی لێدەگرن و بەقسەی دەكەن، بەتایبەتیش كە پێشتر لەكاتی تەنگانەدا تاقیمان كردوونەتەوەو ئەوانیش لەئاست خواستی هەموولایەك بوون، كاتێك پرسەكە پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتیی وڵاتەوە هەبووبێت.

سەركردەكەی هاوپەیمانی عەزم، ئاماژەی بەوەشكردووە كە بەئەنقەست دەستكاری ناوەڕۆكی پەیامەكەم كراوە بەمەبەستی نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزی، لەكاتێكدا هەموو لایەك شایەتیمان بۆ دەدات كە هەڵوێستمان بەرامبەر مەرجەعە بەڕێزەكانی هەموو ئاینزایەك چۆن بووە، جەختی لەوەشكردووەتەوە كە بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە ناخەنە ئەستۆی مەرجەعەكانەوە، بەڵكو تەنها سەركردەی كوتلە سیاسییەكان بە بەرپرسیار دەزانین.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، مەحمود مەشهەدانی لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا رەخنەی لە عەلی سیستانی گرتبوو كە دەستوەردانی نەكردووە لەپێناو چارەسەركردنی قەیرانە سیاسییەكانی عیراق بۆئەوەی رێگری بكات لەوەی دۆخەكە نەگاتە ئاستێك كە هیچ لایەك خوازیاری نەبێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن