ئۆکراینا: ٢٨ هەزار و ٧٠٠ سەربازی رووسیا کوژراون

جیهان

20/05/2022     ژمارەی بینراو 128

راچڵەکین-

سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٢٠٠ سەربازی کوژراون، بەوەش ژمارەی کوژراوانی سوپای رووسیا لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە تا ئەمڕۆ گەیشتە ٢٨ هەزار و ٧٠٠ سەرباز.

سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا نوێترین زانیاری لە بارەی زەرەر و زیانەکانی سوپای رووسیا لە ٢٤ی شوبات-٢٠ی ئایار، بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا تا ئەمڕۆ، ٢٨ هەزار و ٧٠٠ سەربازی رووسیا کوژراون، هەروەها ٢٠٤ فڕۆکەی جەنگیی، ١٦٨ هێلیکۆپتەر، هەزار و ٢٦٣ تانک، سێ هەزار و ٩٠ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، ٥٩٦ تۆپهاوێژ، ٢٠٠ مووشەکهاوێژ و ٩٣ سیستمەی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا، تێکشکێندراون.

سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا دەشڵێت کە رووسیا دوو هەزار و ١٦٢ ئۆتۆمبێلی سەربازیی، ٤٦٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ١٣ کەشتی و یەختی خێرایی مامناوەندی لەدەستداوە و ١٠٣مووشەکی ئاراستەکراوی سوپای رووسیا لەلایەن یەکەکانی هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرایناوە تێکبشکێنرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە وەزارەتی بەرگریی رووسیا پێشتر لە راگەیەندراوێکدا کە لە ٢٥ی ئاداری رابردوو بڵاوییکردبووەوە کوژرانی هەزار و ٣٥١ سەربازی لە ئۆکراینا راگەیاندبوو.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی داواكاریی گشتیی ئۆكراینا، بەهۆی هێرشەکانی سوپای رووسیاوە لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئەمڕۆ ٢٣١ منداڵ گیانیان لەدەستداوە، ٤٢٧ی دیکەش برینداربوون.

لە راگەیەندراوەکە ئاشکرا کراوە کە زۆرترین منداڵ لە ناوچەکانی دۆنێتسک، کیێڤ و خارکیڤ گیانیان لەدەستداوە و ئاماژە بەوەشکراوە کە لە ئەنجامی بۆردومانەکانی سوپای رووسیا هەزار و ٨٣٧ دامەزراوەی پەروەردەیی لە سەرتاسەری وڵات زیانیان بەرکەوتووە و ١٧٢یان بە تەواوی خاپورکران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن