بەغدا.. هێزە ئەمنییەكان شاری سەدر دادەخەن و دانیشتووانەكەی كەرەنتین دەكەن

عێراق

21/03/2020     ژمارەی بینراو 332

راچڵەكین

لە ترسی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەغدا، هێزەكانی سوپا و پۆلیسی عێراق دەروازەكانی شاری سەدر دادەخەن و تەواوی دانیشتووانەكەشی ناچار بە مانەوە لە ماڵەكانیان دەكەن.

ئەم بڕیارە دوای چەند كاتكۆیەك لە سەردانی زیارەتكاران دێت بۆ مەزاری موسا بن جەعفەر، كە لای شیعەكان بە پیرۆز دادەنرێت و بەبێ رەچاوكردنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ، بە هەزاران كەس لە دانیشتووانی شاری سەدر بەشدارییان لە رێوڕەسمەكەدا كرد. 

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، هێزەكانی سوپا و پۆلیس دەروازەكانی چوون و هاتنیان لە شاری سەدر بە بەربەستی كۆنكرێتی داخست، سەدان سەرباز و پۆلیس و ئۆتۆمبێلی سەربازیش بڵاوەیان پێكراوە و بە دانیشتووانی شارەكە راگەیەنراوە، رێگە بەچوونە دەرەوەیان نادرێت، ئەمەش وەك هەنگاوێك بۆ رێگرییكردن لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا.

بەوتەی سەرچاوەكە، هێزە ئەمنییەكان گشتاندنێكیان بەسەر دانیشتوانی شارەكەدا بڵاوكردەوە و تێیدا داوایان كردووە، لانیكەم دوو هەفتە لە ماڵەكانیاندا بمێننەوە، تاوەكو دڵنیابن لە تووشنەبوونیان بە كۆرۆنا، ئەمەش دوای ئەوەی هەزاران كەسیان بەشدارییان لە رێوڕەسمیی ئاینیی كرد لە شاری كازمییەی باكووری بەغدا.

شاری سەدر بە ناوەندی سەرەكی لایەنگرانی سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر دادەنرێت، كە رۆژی پێنجشەممە داوای لە لایەنگرانی كرد پابەند نەبن بە رێنماییە پزیشكییەكان و بەشداریی بكەن لە چوونە سەر مەزاری ئیمام موسا بن جەعفەر كازم.  

رۆژی هەینی، سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق، عادل عەبدولمەهدی فەرمانیدا بە هێزە ئەمنییەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بەزەبری هێز بەسەر ئەو سەردانكەرانەی شیعە، كە لە شارەكانی ناوەڕاست و باشوورەوە روو لە بەغدای پایتەخت دەكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن