د. بەرهەم ساڵح دەستپێشخەرییەك رادەگەیەنێت

عێراق

30/07/2022     ژمارەی بینراو 297

د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق

راچڵەكین –

سەرۆك كۆماری عیراق لەپێناو چارەسەركردنی دۆخی چەقبەستووی سیاسی، دەستپێخەرییەك رادەگەیەنێت بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی نیشتمانی راستگۆیانە لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا.

د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی ئەو دۆخە ناهەموارەی لەمڕۆدا یەخەی وڵاتەكەمانی گرتووە، ئەركی سەرشانی هەموومانە پابەندبین بە هێوركردنەوەی دۆخەكە و زاڵكردنی زمانی ئەقڵ و دیالۆگ و گفتوگۆ.

سەرۆك كۆمار، بە پێویستیشی زانیوە بەرژەوەندی باڵای وڵات بخرێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی دیكەوە، هەموو رۆڵەكانی عیراقیش بە هێز و بازووی خۆیان پێكەوە نیشتمان بپارێزن و لە جاران زیاتر یەكڕیز و یەكدەنگبن و نەهێڵن ناكۆكییە ناوخۆییەكان پەرتەوازەمان بكەن.

لە راگەیەندراوەكەی سەرۆك كۆماردا هاتووە، "لەپێناو هێوركردنەوەی دۆخی ئێستا و تەشەنەنەكردنی و بە پەرۆشیمان بۆ بەرژەوەندی وڵات و هاوونیشتمانیان، بە پێویستی دەزانین بەزووترین كات گفتوگۆیەكی نیشتمانی راستگۆیانەی جددی دەستپێبكەین، تاوەكو ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەكەماندا بەرقەرار بێت و عیراقییەكانیش لەوە دڵنیابكەینەوە كە بەهەر نرخێك بێت ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەپارێزین و دەستبەرداری نابین، بەر بەوانەش دەگرین كە دەیانەوێت بە سودوەرگرتن لە ناكۆكییە ناوخۆییەكان، غافڵگیرانە پەلاماری وڵاتەكەمان بدەن و گەل و وڵاتەكەمان بە كێشەی لابەلاوە سەرقاڵ بكەن".

د. بەرهەم ساڵح جەختی لەوەشكردووەتەوە كە پێویستی زۆریان بە سازان و گفتوگۆی جددی نێوان لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان هەیە، بۆ چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی رابردوو، تاوەكو وڵاتەكەمان ببەینە كەناری ئارام و دۆخی ئێستای وڵات و داواكارییە رەواكانی جەماوەریش كە دەمێكە سەبر و ئارامی گرتووە، هەموومان دەخاتە ژێرباری ئەركێك قورسەوە، ئەمەش پێویستی بە كاری ماندوونەناسانەی جددی و لێبڕاو هەیە بۆ راستكردنەوەی هەڵە و كەموكورتییەكانی رابردوو.

سەرۆك كۆماری عیراق باسی لەوەشكردووە كە عیراقییەكان چاوەڕێی ئەوەن خزمەتی زیاتریان بكەین، ئەوان شایستەی ژیانێكی شكۆدارانەی باشترن كە بتوانن بە ئازادی بژین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن