بەرپرسێكی باڵا لە حزبەكەی حەلبوسی جیادەبێتەوە

عێراق

07/08/2022     ژمارەی بینراو 229

محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبی تەقەدوم

راچڵەكین –

پارێزگاری نەینەوا، كە یەكێكە لە بەرپرسە باڵاكانی حزبی تەقەدوم بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، جیابوونەوەی لەو حزبە راگەیاندو حزبێكی نوێ پێكدەهێنێت.

میدیاكانی عیراق لە سەرچاوەیەكی نزیك لە حزبی تەقەدوم بڵاویانكردەوە، نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەواو یەكێك لە بەرپرسەكانی حزبی تەقەدوم، كە لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لە حزبەكە جیابووەتەوەو ئامادەكاری دەكات بۆ دامەزراندنی حزبێكی نوێ بەمەبەستی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، نەجم جبوری، چەندین بەرپرسی ئیداری و حزبی لەسنووری پارێزگای نەینەوا لەدەوری خۆی كۆكردووەتەوە، جگە لە دەیان بەرپرس و كادری حزبی تەقەدوم، كە وازیان لە حزبەكە هێناوە، هاوكات بەشێكی زۆر لە هۆزی جبووریش پاڵپشتی لە حزبە نوێیەكەی دەكەن.

جیابوونەوەی پارێزگاری نەینەوا لە حزبەكەی محەمەد حەلبوسی، وەك ئامادەكارییەكی ناوبراو دێت بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كە زۆرێك لە لایەنە سیاسییەكان پشتیوانی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن كە لەلایەن موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدرەوە بانگەشەی بۆ دەكرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، نەجم جبوری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق، بڕیاریداوە تەنها كار لەسەر بەدەستهێنانی دەنگەكانی پارێزگای نەینەوا بكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن