ئەمریکا: نیگەرانین لە دەستگیركردنی رۆژنامەوانان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ

کوردستان

08/08/2022     ژمارەی بینراو 154

راچڵەکین-

کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێم رایگەیاند، نیگەرانن لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران و چالاکوانان و بەکارهێنانی گازی فرمێسکرێژ و گولـلەی پلاستیکی لە دژی خۆپیشاندەران.

کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر راگەیەندراوێکی لە بارەی خۆپیشاندانەکانی رۆژی شەممەی رابردووی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:"ئێمە نیگەرانین لەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە بەکارھێنانی گازی فرمێسکڕێژ و گولەی رووپۆشکراو بە پلاستیک و بڵاوەپێکڕدنی خۆپیشاندەران و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و ئەندامانی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستانی عیراق دەکەن لە کاتی ئامادەکاری و هەروەها لە  کاتی خۆپیشاندانەکان کە لە ٦ مانگی ئاب لە سلێمانی ئەنجامدران.

کۆنسوڵخانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەوەی دیمۆکراسی سەربکەوێت، حکومەتەکان پێویستە پارێزگای بکەن لە  مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان کە بەپێی دەستوور پارێزراون و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێداناون، لەناویاندا ئازادی گردبوونەوە بەشێوەیەکی ئاشتییانە و ئازادی ڕادەربڕین و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، هەروەها ڕێگەدان بە ڕۆژنامەڤانان کە بەکاری خۆیان هەستن بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە و دەستێوەردانی ناپێویست.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە هانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عیراق دەدەین پێداچوونەوە بەو رێوشوێنانە بکەن و جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەو ڕۆڵە گرینگەی کە ئازادی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنی و سەروەری یاسا دەیگێڕن لە سیستەمی دیمۆکراسیدا".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن