پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە ھەرێمی كوردستان كۆتاییھات

کوردستان

11/08/2022     ژمارەی بینراو 194

راچڵەكین –

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، كۆتاییھاتنی وادەی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی لە ھەرێمی كوردستان راگەیاندو ئاشكرایكرد كە كۆی گشتی گەنمی وەرگیراو بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ٣٢٢ هەزار تۆن بووە.

وەزارەتەكە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، كۆتا رۆژ بووە بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بۆساڵی ٢٠٢٢، كە تێكڕا بڕی ٣٢٢ ھەزار و ٣٨٧ تۆن و ٤٠ كیلۆ لە ھەرێمی كوردستان وەرگیراوە.

لەوبارەیەوە، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی، رایگەیاندووە: "پاش ئەوەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لەرۆژی ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢ راگەیەندرا و دەست بەوەرگرتنی گەنم كرا، دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كۆتاییھاتنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكان راگەیەندرا، بەڵام بەھۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر بارھەڵگر لە بەردەم سایلۆكان كە گەنمیان ھێنابوو، بەناچاری پڕۆسەی وەرگرتنمان بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ی ئاب درێژكردەوەو لە ئەمڕۆوە بەیەكجاری پڕۆسەكە رادەگیرێت".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بە داتا و ئاماری گەنمی وەرگیراو لەمساڵ كراوە و تێیدا ھاتووە، تا ئێستا لە پارێزگای سلێمانی بڕی، ١٤١ ھەزار و ٢١٧ تۆن و ٤٠٠ كیلۆ، لە پارێزگای ھەولێر بڕی ١٢٣ ھەزار و ٤٦ تۆن و ١٦٠ كیلۆ و لە پارێزگای دھۆك بڕی ٥٨ ھەزار و ١٢٣ تۆن و ٤٨٠ كیلۆ وەرگیراوە.

بەپێی ئەو ئامارەش، كۆی گشتی گەنمی وەرگیراو لە ھەرێمی كوردستان بریتی بووە لە ٣٢٢ ھەزار و ٣٨٧ تۆن و ٤٠ كیلۆ.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن