ئێران پێشنیازێكی ئەوروپا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی پەسەند دەكات

جیهان

12/08/2022     ژمارەی بینراو 168

راچڵەكین -

كۆماری ئیسلامیی ئێران، رایدەگەیەنێت، ئەگەری هەیە پێشنیازەكەی یەكێتی ئەوروپا بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییەی لە دانوستانەكانی رێككەوتننامەی ئەتۆمیدا هاتووەتە ئاراوە، پەسەند بكەین.

ئاژانسی فەرمی حكومەتی ئێران (ئیرنا)، لەسەر زاری بەرپرسێكی باڵای حكومەتی تاران بڵاویكردەوە، لە ئێستادا سەرقاڵی تاوتوێكردنی ئەو پێشنیازەن كە لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە پێشكەشكراوە بۆ دەستپێكردنەوەی دانیشتوانەكانی تایبەت بە رێككەوتننامەی ئەتۆمی.

ئەو بەرپرسە، بێ ئەوەی ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، راشیگەیاندووە، ئەگەر پێشنیازەكەی یەكێتی ئەوروپا بانگەشە سیاسییەكانی تایبەت بە پرسە ئەمنییەكان، دڵنیایی و سزاكانی سەر ئێران لەخۆبگرێت، ئەگەری هەیە لەلاەین تارانەوە پەسەند بكرێت.

لە ساڵی ٢٠١٥دا، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، باراك ئۆباما لەگەڵ ئێران پلانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانی واژۆ كرد، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، لە ساڵی ٢٠١٨ تاكلایەنە لە رێككەوتننەكەدا كشایەوە.

كاتێك كە لە ٢٠ی كانوونی دووەمی ٢٠٢١دا، جۆ بایدن بووە سەرۆكی نوێی ئەمریكا یەكێك لە كارە لەپێشینەكانی، دووبارە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان بوو لەگەڵ ئێران، بەڵام تا ئێستا هیچ كام لە لایەنەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن و دانوستانەكانیش بە شێوەی پچڕپچڕ لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا بەڕێوەدەچن.

لە لایەك واشنتۆن داوا لە تاران دەكات، بەرپرسیارییەتییەكانی خۆی لە چوارچێوەی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەدا جێبەجێ بكات. لە بەرامبەریشدا تاران داوا دەكات ئەمریكا سەرجەم سزاكانی لەسەر هەڵبگرێت و بەڵێنی ئەوەش بدات كە جارێكی دیكە تاكلایەنە لە رێككەوتننامەكەدا نەكشێتەوە. هەروەها داوایەكی دیكەی ئێران داخستنی هەموو ئەو لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییە سیاسییانەیە كە لە دژیدا كراونەتەوە.

كۆتا جاریش لە رۆژی 4-8-2022، لایەنەكانی (5+1) لە ڤییەنا كۆبوونەوەیەكی چوار رۆژییان ئەنجامدا.

ئەمەش لەكاتێكدایە، دوێنێ پێنجشەممە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئەمریكی لە زاری بەرپرسێكی ئەوروپا، هەواڵی ئەوەی بڵاوكردەووە كە یەكێتی ئەوروپا بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی دانوستانەكانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، بە شێوەی نوسراو پێشنیازێكی پێشكەشی حكومەتی تاران كردووە و تێیدا داوایكردووە لێكۆڵینەوەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە چالاكییە ئەتۆمییەكانی رابردووی ئێراندا دابخرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن