نوری مالیكی پەیامێكی بەپەلە بڵاودەكاتەوە

عێراق

12/08/2022     ژمارەی بینراو 286

نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا

راچڵەكین –

نوری مالیكی رایدەگەیەنێت، خۆپیشاندانە جەماوەرییەكەی ئەمڕۆی لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگی، پەیامێكی روون و ئاشكرابوو كە جەماوەری عیراق بەرگری لە شەرعیەتی دەوڵەت و پارێزگاری لە دامەزراوە دەستورییەكان دەكات و چیتر نایانەوێ پەرلەمان و دامەزراوەكانی دەوڵەت پەكبخرێت، هیچ لایەنێكیش ناتوانێت بەتەنها شەقام كۆنترۆڵ بكات.

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ هەینی، لەدوای كۆتایی هاتنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەكەی لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بڵاویكردەوە، رایگەیاند، ئەو خۆپیشاندانە بەرفراوانەی چوارچێوەی هەماهەنگی بانگەوزای بۆیكرد، دەربڕی هەست و سۆزێكی گەورەی جەماوەریی بوو بۆ هەڵوێستەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی.

وتیشی:" خۆپیشاندانەكە، پەیامێكی روون و ئاشكرابوو كە جەماوەری عیراق بەهەموو بیروبۆچوونەكانییەوە، بەرگری لە شەرعیەتی دەوڵەت و پارێزگاری لە دامەزراوە دەستوری و تەشریعی و دادوەرییەكان دەكات".

مالیكی ئاماژەی بەوەشكردووە، كە خۆپیشاندانەكە بەو شێوازە ئاشتییانەی، پەیامێكی دیكەی بۆ هەموو پێكهاتە سیاسییەكان نارد، بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستاو خۆبەدوورگرتن لە پەكخستنی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و پەكخستنی پەرلەمانی هەڵبژێردراو، كە بەپێی یاساو دەستور پێكهێنراوە.

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، كە یەكێكە لە لایەنە كاریگەرەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، جەختی لەوەشكردەوە كە خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ، ئەوەی روونكردەوە كە هیچ لایەنێك بەتەنها ناتوانێت شەقام كۆنترۆڵ بكات، ئەو جەماوەرەی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكە كرد دەیانەوێ دامەزراوەكانی دەوڵەت كاربكات و چالاك بێت، خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە پێشكەش بكات، نایانەوێ بەبێ هیچ هۆكارێكی شەرعی و نیشتمانی و دەستوریی، پەكبخرێت. 

ئەمڕۆ هەینی، لەسێ شوێنی جیای شاری بەغدا، خۆپیشاندانی لایەنگرانی رەوتی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنەكانی تر بەڕێوەچوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن