حەوت رۆژە لە ناوخۆی چین هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمارنەكراوە

جیهان

26/03/2020     ژمارەی بینراو 333

راچڵەكین-

حەوتەم رۆژە لەچین هیچ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ تۆمارنەكرا، كە سەرچاوەكەی ناوخۆی ئەو وڵاتە بێت.

ئاژانسی هەواڵیی شینخوا بڵاویكردەوە، لیژنەی تەندروستی نیشتمانی چین لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، رۆژی چوارشەممە هیچ حەڵەتێكی توشبوون بە كۆرۆنا تۆمارنەكراوە كە سەرچاوەكەی ناوخۆ بێت، بەڵام 67حاڵەت‌ تۆماركراون كە سەرجەمیان‌ لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوە كراوە كە ژمارەی حاڵەتەكانی توشبوون بە پەتاكە لەو هاووڵاتیە بیانیانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە چوونەتە ئەو وڵاتەوە و بە ''حاڵەتەكانی هاوردە'' ناودەبرێت گەیشتووەتە 541حاڵەت.

لە دوێنێوە تا ئێستا نۆ كەس بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستداوە، بەوەش ژمارەی ژمارەی ئەوانەی بەو پەتایە لە چین گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ سێ هەزار و 291 كەس.

تا ئێستا لەناوخۆی چین تێكڕا 81هەزار و 727حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ تۆماركراوە. هاوكات 74 هەزارو 173 تووشبوو چاكبوونەتەوە.

ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كە لە كانوونی یەكەمی ٢٠١٩دا لە شاری وهان سەربە ویلایەتی هوبای رۆژهەڵاتی چین سەریهەڵدا، لە ماوەیەكی كورتدا بەتەواوی ئەو وڵاتە و وڵاتانی جیهاندا، بڵاوبووەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن