ئازەربایجان زیانەكانی شەڕ لەگەڵ ئەرمینیا ئاشكرا دەكات

جیهان

17/09/2022     ژمارەی بینراو 148

راچڵەكین –

دوای چوار رۆژ لە شەڕو پێكدادانەكانی سەرسنووری نێوان هێزەكانی ئازەربایجان و ئەرمینیا، وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان زیانەكانی سوپای وڵاتەكەی ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 360 كوژراوو برینداریان هەبووە.  

ئەمڕۆ، شەممە، وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان راگەیەندراوێكی لەبارەی شەڕو پێكدادانی لەگەڵ هێزەكانی ئەرمینیا بڵاوكردەوە، كە رۆژی 12ی ئەم مانگە لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات دەستیپێكردو دوای سێ رۆژ، بە نێوەندگیری رووسیا كۆتایی هات.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەئەنجامی شەڕو پێكدادانەكاندا، 79 سەربازی ئازەربایجان كوژران و 282 سەربازیش بریندار بوون، كە برینی 21یان سەختە.

باس لەوەشكراوە، بەهۆی هێرشەكانی سوپای ئەرمینیاوە، دوو هاووڵاتیی مەدەنی برینداربوون و تائێستاش چارەسەری یەكێكیان بەردەوامە.

پێشتریش، سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا رایگەیاندبوو، لەئەنجامی شەڕو پێكدادانەكاندا، 135 سەربازی وڵاتەكەی كوژران، كە تەرمی 100 سەرباز كەوتبووە ژێر دەستی هێزەكانی ئازەربایجان و حكومەتی باكۆ ئامادەیی دەربڕیبوو بۆ رادەستكردنی سەرجەم تەرمەكان بە حكومەتی یەریڤان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن