زانیاری لەبارەی سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ ئیسرائیل ئاشكرا دەبێت

جیهان

21/09/2022     ژمارەی بینراو 186

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا

راچڵەكین –

سەرۆككۆماری توركیا لەگەڵ سەركردەی جووەكانی ئەمریكا كۆدەبێتەوەو بەڵێنیان پێدەدات سەردانی ئیسرائیل بكات و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاسایی بكاتەوە.

رۆژنامەی هائارتس-ی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەمیانی سەردانەكەی بۆ ئەمریكا بەمەبەستی بەشداریكردن لە لوتكەی كۆمەڵەی گشتی نەتەیەكگرتووەكان لەشاری نیویۆرك، لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەی رەوەندی ئیسرائیلی و رێكخراوی جووەكانی ئەمریكا، كۆبووەوەو پێی راگەیاندن كە بەنیازە سەردانی ئیسرائیل بكات.

سەرۆك كۆماری توركیا لەو دیدارەدا، كە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە واشنتۆن رێكیخستبوو، ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو ئیسرائیل كرد، بەڵام وادەی سەردانەكەی بۆ تەلئەبیب ئاشكرانە كرد.

دیدارەكەی ئەردۆغان لەگەڵ سەركردەو رابەرانی جوولەكە لە ئەمریكا، هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو ئیسرائیل لەسەر هەموو ئاستەكانی دیپلۆماسی، بازرگانی، پیشەسازی، سەربازی و گەشتیاری، هەردوولاش بڕیاریانداوە باڵیۆزەكانیان بگەڕێننەوە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، بڕیاریداوە ئیریت لیلیان وەك باڵیۆزی خۆی لە ئەنكەرە دابنێت.

هاوكات، میدیاكانی ئیسرائیل لەسەر زاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بڵاویانكردەوە، لەئێستادا هیچ پلانێك نییە بۆ سەردانی ئەردۆغان بۆ تەلئەبیب.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن