بەریتانیا گۆڕانکاری لە وەرگرتنی پەنابەراندا دەکات

جیهان

25/09/2022     ژمارەی بینراو 189

راچڵەکین-

میدیای بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکوەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە نیازی گۆڕینی سیستمی وەرگرتنی پەنابەرانی هەیە  بەمەبەستی بەهێزکردنی ئابوری لە رێگەی هێزی کاری بیانییەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25-9- 2022، میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە سیستمی وەرگرتنی پەنابەران ئاسان دەکات، ئەوەش وەک چارەسەرێک بۆ قەیرانی کەمیی دەستی کار لەو وڵاتە و بەهێزکردنەوەی ئابووریی بەریتانیا.
 
میدیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا کارگە گەورەکانی بەریتانیا کرێکاری بیانیان کەمە، بۆیە داوایان لە لیز ترس کردووە سیستمی پێدانی ڤیزەی کار بۆ هاووڵاتیی بیانی ئاسان بکات تاوەکو لە کێشەی کەمیی کرێکاران دەربازیان بێت، لەبەر ئەوە حکومەت بڕیاریداوە گۆڕانکاری لە سیستمی وەرگرتنی پەنابەراندا بکات. 
 
مانگی ئابی ساڵی 2021 حکومەتی بەریتانیا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە بەگوێرەی راپۆرتەکە، رەنگە ئەو وڵاتە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەهۆی کەمیی ژمارەی کرێکارەوە کێشەی لە چەند کەرتێكی گرنگیی پیشەسازی بۆ دروست بێت، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی گەشتیاری کە ژمارەیەکی زۆر لە هۆتێل و مۆتێلەکانی بەریتانیا چاویان لە کرێکاری بیانییە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی ئەو کەرتە.
 
دوای جێبەجێکردنی برێگزیت، بەریتانیا رووبەڕووی کێشەی کەمیی دەستی کاری بیانی بووەتەوە، چونکە رێکاری پرۆسەی وەرگرتنی کرێکارانی بیانی قورستر بووە بەتایبەت بۆ هاووڵاتییانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن