ئەردۆغان هەڕەشە لە یۆنان دەكات

جیهان

26/09/2022     ژمارەی بینراو 246

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا

راچڵەكین –

سەرۆككۆماری توركیا ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر جێگیركردنی تانك و زرێپۆشی ئەمریكا لە دورگەكانی یۆنان دەردەبڕێت و هەڕەشەی ئەوەش دەكات كە لەكاتی پێویستدا سەرجەم تواناكانی ژێر دەستیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەیان بەرامبەر یۆنان بەكاردەهێنن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەدوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی كابینەی حكومەتەكەی، كە ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەچوو، هێرشێكی توندی كردە سەر یۆنان و  رایگەیاند: "دەزانین نیازی بنەڕەتی ئەوانەی هانی سیاسەتمەدارە یۆنانییەكان دەدەن و بەریان دەدەنە گیانمان، رێگرییكردنە لە پرۆگرامی بنیاتنانی توركیای بەهێز و مەزن".

وتیشی:" نە ئەو هەموو جبەخانەیەو نە پشتیوانیی سیاسیی و ئابووریی، بەس نییە بۆ ئەوەی یۆنان بگەیەنێتە ئاستی توركیا، بەڵام بەسە بۆ پەلكێشكردنی ئەو وڵاتە بۆ نێو زەلكاو".

ئەردۆغان، لەبارەی جوڵەو رێوشوێنەكانی یۆنانیش لە دورگەكانی دەریای ئیجە، كە بە شەڕپێفرۆشتن ناوی برد، رایگەیاند، ئەمە بۆ سیاسییەكانی یۆنان، بۆ دەوڵەت و بۆ گەلی یۆنان و بۆ ئەوانەش كە ئەمانە وەك بووكەڵە بەكاردەهێنن، یارییەكی مەترسیدارە.

هەڵوێستەكەی سەرۆككۆماری توركیا، لەكاتێكدایە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، لەكاردانەوەی جێگیركردنی ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی ئەمریكی لە دوورگەكانی میدیلی و ساكز لە یۆنان، بەفەرمی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكاو یۆنان لە ئەنكەرە كردو تێیدا داوایكردووە رەچاوی دۆخی دوورگەكانی رۆژهەڵاتی دەریای ئیجە بكەن و چەك و زرێپۆشەكان بۆ پێشێلكاریی دۆخی ئەو دورگانە بەكارنەهێنرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن