یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان: توركیاو ئێران بەردەوامن لە بەزاندنی سنوری ھەرێمی كوردستان

کوردستان

28/09/2022     ژمارەی بینراو 141

راچڵەكین-

یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئێران و توركیا بە بۆردوومانكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان و گوندەكان، ئارامیان لەم ناوچانە نەهێشتووە.

یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان لەبانگەوازێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی بۆمب و درۆنەوە ئەمڕۆ ٢٠٢٢/٩/٢٨ زنجیرەیەك ھێرشی كردۆتە سەر خاكی ھەرێمی كوردستان، لەو ھێرشانەدا كامپی ئاوارەكان و شوێنی سیڤیل بوونەتە ئامانجی ھێرشەكان. لەئەنجامدا چەندین كەس بوونەتە قوربانی لەشەھیدو بریندارو لەگەڵ دروستبوونی دڵە ڕاوكێی ھاوڵاتیان و قوتابیانی قوتابخانەكان.

وەك لەو بانگەوازەدا هاتووە:"ئەم دەستدرێژیانە بۆ سەر ھەرێمی كوردستان ھاوكاتە لەگەڵ بوونی ناڕەزایی گەلانی ئێران و لەئەنجامدا چەندین نوسەر ھونەرمەندو چالاكی مافەكانی مرۆڤ گیراون. رووداوەكانی ناوخۆی ئێران بە پرسێكی ناوخۆیی ئەو وڵاتە دادەنێین، بەڵام هاوكات هاوخەم و هاوسۆزی گەلانی ئێران و گەلی كوردین بۆ بەدیھێنانی ئازادی و مافە رەواكانیان."

"ھاوكات توركیاش لەلایەكی ترەوە بەردەوامە لە پێشێلكاریەكانی و بەزاندنی سنوری ھەرێمی كوردستان. بە فڕۆكەو دۆن و تۆپبارانەوە  ئەنجام ئەدات و بووەتە مایەی نائارامی بۆ ھەرێمی كوردستان و عیراقیش تاوان."

"ئەم پێشهاتانە، مەترسیدارن و پێویستە رابگرێت. ئێران بە بۆردوومانكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان و گوندەكان، ئارامی لەم ناوچانە نەهێشتووە."

"دوایین و مەترسیدارترینیان، بۆردوومانەكانی ئێرانە بۆ سەر كەمپی ئاوارەكانی كوردانی ڕۆژهەڵات لە كۆیەی سەربە پارێزگای ھەولێرو  و زڕگۆێز سەربە پارێزگای سلێمانی شارۆچكەی پردێ سەربە پارێزگای كەركوك."

لەبەشێكی تری بانگەوازەكەدا هاتووە:"ئەو پێشێلكاریانە دەچنە خانەی تاوانی نێودەوڵەتیەوەو بەپێی رێكەوتنامە نێودەوڵەتیەكان و بەتایبەت پەیاننامەی رۆمای بنەڕەتی، تاوانی جەنگە. چونكە هاوڵاتی مەدەنی كردۆتە ئامانج، لەناو ماڵان و قوتابخانە."

"وەكو یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان، بانگەواز لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی و ھەموو لایەنێكی بەرپرسیار دەكەین، گەلی كورد لە بەردەم مەترسی تاوانی جەنگ و جینۆساید بپارێزن و  پێویستە پارێزگاری لەخەڵكی كوردستان بكرێت و پارێزبەندی بۆ دابین بكرێت."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن