دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی لەبارەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر دەدات

عێراق

28/09/2022     ژمارەی بینراو 299

راچڵەكین –

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەو سكاڵایەی رەتكردەوە كە بۆ تانەدان سەبارەت بە پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران تۆماركرابوو.

ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عیراق (واع) بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق دانیشتنی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایە ئەنجامدا كە پێشتر بۆ تانەدان سەبارەت بە پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران تۆماركرابوو.

دادگای فیدراڵی، بەھۆی نەبوونی بەرژەوەندی گشتیی سكاڵاكاران لە دۆسیەكەدا، سكاڵاكەی رەتكردەوەو بەمەش كۆتایی بە مشتومڕی گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر بۆ پەرلەمان هات، كە رۆژی 12-6-2022 لەسەر داوای موقتەدا سەدر، دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵیان پێشكەشی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران كردبوو.

ئەمەش لەكاتێكدایە، دوێنێی سێشەممە، جاسم محەمەد عەبود، سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق، لەبارەی ئەو سكاڵایەی سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران پێشكەشكراوە، رایگەیاندبوو "سكاڵاكە خاوەن دۆسیەكە (رەوتی سەدر) پێشكەشی نەكردووە، بەڵكو لەلایەن ژمارەیەك لایەن كە لەڕووی یاساییەوە پەیوەندییان بە دۆسیەكەوە نییە، پێشكەشكراوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن