دژەتیرۆری پارتی زانیاری نوێ لەبارەی بۆردومانەكانی ئێران ئاشكرا دەكات

کوردستان

28/09/2022     ژمارەی بینراو 442

راچڵەكین -

دژە تیرۆری پارتی زانیاری نوێ لەبارەی بۆردومانەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، بە چوار قۆناغ هێرشی مووشەكی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەنجامداوەو ژمارەی قوربانییەكانیش بۆ 13 شەهیدو 58 بریندار بەرزبووەوە.

لە راگەیەندراوێكی دژە تیرۆری پارتی دا هاتووە، زنجیرە هێرش و بۆردومانەكانی ئەمڕۆی سوپای پاسدارانی ئێران، بە چوار قۆناغ لە ڕێگەی مووشەكی بالیستیی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراوەوە، بنكەو بارەگاكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لە سلێمانی، پارتی ئازادیی كوردستان لە پردێ و قەڵای دیموكراتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە شاری كۆیەو كەمپەكانی نیشتەجێبوونی كوردەكانی ڕۆژهەڵات لە زڕگوێز، زڕگوێزەڵە و بانەگەورە لە پارێزگای سلێمانی و كەمپەكانی ئازادی و قەڵا و ئەمیرییە لە كۆیەی كردە ئامانج.

دژە تیرۆر ئاماژەی بەوەكردووە، ئەوەی زانراوە ‌لە هێرشەكاندا زیاتر لە 70 مووشەكی بالیستیی جۆری فاتح و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو، لەناو خاكی ئێرانەوە ئاراستەكراون، قۆناغی یەكەم لە رێگەی مووشەكی بالیستی، قۆناغی دووەم ‌‌بە مووشەكیی بالیستی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو، قۆناغی سێیەم‌ بە مووشەكی بالیستی بە هاوكاری فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی چاودێری، قۆناغی چوارەمیش لە ڕێگەی مووشەكی بالیستییەوە بووە.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتوو، ئەوەی تائێستا زانراوە، هێرشە مووچەكییەكان لە ناوچەی سەلاسی باوەجان لە پارێزگای كرماشان-ی هاوسنووری پارێزگای هەڵەبجە، ناوچەی سەردەشت لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای هاوسنوور لەگەڵ ئیدارەی ڕاپەڕین ئاراستەی هەرێمی كوردستان كراون و تێیدا شوێنە گشتییەكانی وەك باخچەی ساوایان، قوتابخانە، بنكەی تەندروستی، نەخۆشخانە، هۆڵی بۆنەو ئاهەنگ و ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری و ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل، كراونەتە ئامانج.

دژە تیرۆرى پارتی نوێترین ئاماری قوربانیانی بۆردومانەكانی ئاشكراكردووە، كە تائێستا 13 شەهیدو 58 بریندار هەیە، كە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیلن و منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵانیشیان تێدایە. هاوكات درۆنێكیش بەر لەوەی بگاتە ئامانجەكەی، لە سنووری قەزای كۆیە كەوتووەتە خوارەوە.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن