ئەمریكا هەڵوێستی خۆی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئێران ئاشكراكرد

جیهان

04/10/2022     ژمارەی بینراو 349

راچڵەكین-

سەرۆكی ئەمەریكا، رایگەیاند سزا بەسەر ئەو بەرپرسانەی ئێراندا دەسەپێنن كە دژ بەو ناڕەزایەتییانە وەستاون كە‌ دوای كوژرانی ژینا ئەمینی دەستیانپێكردووە.

جۆ بایدن، لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، نیگەرانن‌ لە زیادبوونی سەركوتكردنی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە، جەختی لەوە كردەوە، خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز لە ئێران لەوان ژنان و منداڵان داوای مافی یەكسانی دەكەن.

بایدن بە ئاماژەدان بەوەی كە لەم هەفتەیەدا سزا بەسەر ئەو كەسانەدا دەسەپێنن كە توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران بەكاردەهێنن، جەختی لەوەش كردەوە كە واشنتۆن بەردەوام دەبێت پشتیوانیكردن لە مافی ئێرانییەكان.

سەرۆكی ئەمریكا هەروەها رایگەیاند، ئاسانكاری بۆ ئێرانییەكان دەكەن بۆ دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت و، وڵاتەكەی لە پاڵ ژنان و منداڵانی ئێرانی و هەموو ئێرانییەكاندا دەوەستێت".

رۆژی 13ی ئەیلوول، پۆلیسی ئیرشادی تاران بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساكانی جلوبەرگی ئیسلامی" ژینا ئەمینیی كچە كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان تەمەن 22 ساڵی دەستگیر كرد، دوای دەستگیركردنیشی رەوشی تەندروستی ئەمینیی تێكچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، رۆژی 16ی ئەیلوول لە نەخۆشخانە كۆچی دوایی كرد.

ژینا ئەمینی، رۆژی 17ی ئەیلوول لە شارۆچكەی سەقز بە خاك سپێردرا و دوای رێوڕەسمی بەخاكسپاردنەكەش خۆپیشاندان دروستبوو كە لە ماوەیەكی كەمدا شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان زۆربەی شارەكانی ئێرانی گرتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن