كاركردن لەپرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی گەیشت بەچی؟

کوردستان

04/10/2022     ژمارەی بینراو 667

راچڵەكین-

بەڕێوەبەری پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، 46%ی قۆناغی یەكەمی كارەكانی تەواوبووە.

ئەبوبەكر تەیب، بەماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە، قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە ٣٤ كیلۆمەتر درێژە، لە شارۆچكەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تا گوندی دەمركان و لەسەدا 46ی كارەكانی تەواو بووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە:" شەقامەكە چوار سایدی هاتن و چوونە و پانییەكەشی ١٠٠ مەترە، هەروەها ٥ ئەندەرپاس، ٧ یەكتربڕ و ٣ پردی پەپوولەیی لەخۆ دەگرێت، جگە لەوەی لەسەر چەمی تاسڵوجە، پردێك دروستدەكرێت كە درێژییەكەی ٥٠٠ مەترەو ٢٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت."

ئەبوبەكر تەیب ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە:" قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە، ٦٧ ئاوباری كۆنكرێتی بۆ پەڕینەوەی ئاوی باراناو لەخۆدەگرێت كە درێژایی هەر یەكێكیان ١١٠ مەترە، هەروەها تۆڕێكی كارەبای مۆدێرنی بۆ رووناككردنەوەی تەواوی شەقامەكە تێیدایە."

پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی درێژییەكەی ١٤٥ كیلۆمەترە و بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت. قۆناخی یەكەمی پرۆژەكە بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە و لەماوەی كاركردنیدا ٦٠٠ ئامێر كاری تێدا كردووە و زیاتر لە هەزار هەلی كاری راستەوخۆی ڕەخساندووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن