ئومێد خۆشناو دەستپێشخەریەك رادەگەیەنێت

کوردستان

27/03/2020     ژمارەی بینراو 15505

ئومێد خۆشناو

راچڵەكین-

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی كوردستان، داوایەك ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت:" موزایەدە نییە بەسەر كەسەوە.. باوەڕو بڕیاری خۆمە."

ئومێد خۆشناو، لە نووسینێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" بەوپەڕی باوەڕەوە داواكارم لە حكومەتی كوردستان، تا چارەسەری ئەو دۆخە سێ بەشی مووچەكەم ببڕێ و پێشكەشی هەژاران بێت و بۆشم بە پاشەكەوت حیساب نەكات و كاتێ بارودۆخیش باش بێتەوە، كە دڵنیام باش دەبێتەوە، نامەوێتەوە."

دەقی نووسینەكە:
موزایەدە نییە بەسەر كەسەوە، باوەڕو بڕیاری خۆمە.
 (ئومێد خۆشناو)
لەبەر ئەوەی بەهەژاری و نەداری گەورەبووم، باش لە ئازارەكەی دەگەم، ئێستاش وڵات لەوپەڕی نەبوونییە، هەر ئەوەنییە مووچەی مووچەخۆران دواكەوتییە، بەڵكو هەزاران كاسبكار بێكارن و ئەوانەی قوتی ماڵ و منداڵیان بەرهەمی ماندووبوونی رۆژانەیانە، ئێستا لە پێناو ژیان و سەلامەتیان بێكارو نەدارن.

بۆیە بەوپەڕی باوەڕەوە داواكارم لە حكومەتی كوردستان، تا چارەسەری ئەو دۆخە سێ بەشی مووچەكەم ببڕێ و پێشكەشی هەژاران بێت و بۆشم بە پاشەكەوت حیساب نەكات و كاتێ بارودۆخیش باش بێتەوە، كە دڵنیام باش دەبێتەوە، نامەوێتەوە.

بۆیە دیسان تەئكید دەكەمەوە، ئەو هەڵوێستەم باوەڕی خۆمەو پەیوەندی بەهیچ كارێكەوە نییە، بەڵكو باوەڕی مرۆڤبوون و ویژدانمه ‌و ئەو چەند خاڵەش ڕوونتر دەكەمەوە:

*كەس نەڵێ بۆ ڕاكێشانی سۆزی خەڵكە، لەبەر ئەوەی تا ژیانم ماوە بەنیازی هیچ خۆكاندیدكردنەوەیەك نیم، من دووجار تاقی كراوەی سەركەوتووی دەنگی زۆربەی هەژارانم.
*جگە لە مووچەی خۆم، خاوەنی هیچ داهاتێكی تر نیم، ئەگەرنا بەبێ دەنگی كاری خۆم دەكرد.
*ئەگەر ئەو بڕیارەش نەبێت، خودا یاربێت بە بێ دەنگی كاری خۆم دەكەم و بڕیاری خۆم داوە، لەوەتەی خاوەنی مووچەم یەك مانگیش نەبووە مووچەكەم تەنها بۆ خۆم بێت، لەپێناو ڕەزامەندی خودا، ئەوەی لەتوانا بووە كردوومە.
*پێش چوونم بۆ پەرلەمان و ئێستاش دوو خولە لەپەرلەمانم، هەمیشه هەستم كردوە دیوارێك لە نێوان خەڵك و بەرپرسان هەیە، بەچەند هەڵوێستێك لە ڕابردوو هەوڵمداوە، ئەو دیوارە بچووك بكەمەوە، ئێستاش كاتی ئەوەیە هەموو لایەك هەوڵدەین ئەو دیوار بڕووخێنین.
خودای گەورە خەڵك و خاكی كوردستان بپارێزێ و حكوومەت و دامەزراوەكانی كوردستانیش سەربخات.... 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن