تویتەر نیوەی كارمەندەكانی دەردەكات

هەمەڕەنگ

04/11/2022     ژمارەی بینراو 443

راچڵەكین –

تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، لەچوارچێوەی رێكخستنەوەی كاروبارەكانیدا، بڕیاریدا نیوەی كارمەندەكانی لەسەرانسەری جیهاندا دەربكات.

میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، تویتەر لە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا، نیوەی كارمەندەكانی لەسەرانسەری جیهاندا دەردەكات، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەك لە كارمەندانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكە لە ئەمریكا، سكاڵای یاساییان لەدژی ئیلۆن مەسك خاوەنی نوێی تویتەر تۆماركرد بەهۆی ئەوەی بەنیازە نزیكەی سێ هەزارو 700 هەلی كار هەڵبوەشێنێتەوە بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت.

بەپێی یاساكانی كار لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا، كە كارمەندانی تویتەر لەبەردەم دادگای ئەو ویلایەتە سكاڵاكەیان تۆماركردووە، خاوەنی هەر كارێك كە ژمارەی كارمەندەكانی لە 100 كەس زیاتر بێت، پێویستە 60 رۆژ بەر لە دەركردنی كارمەندەكانی، لە بڕیارەكە ئاگاداریان بكاتەوە.

ئیلۆن مەسك، لەدوای كڕینەوەی سەرجەم پشكەكانی تویتەر، چەندین بڕیاری بەمەبەستی رێكخستنەوەی كاروبارەكانی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە دەركردووە، لە گرنگترین بڕیارەكانیشی، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی تویتەر بوو، خۆیشی وەك بەڕێوەبەرو خاوەن بڕیاری تاك و تەنیای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكە دەستنیشانكرد.

لەئێستادا ژمارەی كارمەندانی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، نزیكەی حەوت هەزارو 500 كەس دەبێت، كە زۆربەیان لە ئەمریكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن