فازڵ نەبی: حكومەتی هەرێم بەسێ رێگا لەقەیرانی دارایی رزگاری دەبێت

کوردستان

29/03/2020     ژمارەی بینراو 17378

راچڵەكین-

بریكاری پێشووتری وەزیری دارایی عیراق لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان ، حكومەتی هەرێم دەتوانێت بەسێ رێگا خۆی لەو قەیرانە داراییە رزگار بكات كە هاتووەتە پێش و " قەیرانێكی كاتییە".

د. فازڵ نەبی، سەبارەت بە ڕێكارەكان دەڵێت: "لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت دابنیشێت و هەوڵ بدات دانەوەی مستەحەقاتی كۆمپانیاكان هەندێك دوابخات تا نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە و ئەوانیش ئامادەن ئەو كارە بكەن، چونكە دۆخی ئابووری له ‌جیهان تێكچووە و نرخی نەوت دابەزیوە، بۆیە گرنگە ئەو كارە بكات و خاڵی دووەم فشاری زیاتر لە گومرگەكان بكەن، كە هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ كاركردن و هەموو داهاتەكە بۆ وەزارەتی دارایی بگەڕێننەوە و خاڵی سێیەم-یش ئەوەیە، كە كاتی خۆی له ‌بەغدا كردمان، حكومەتی هەرێم زەوی زۆری هەیە و زۆر گەورەن، كە هەندێكی ڕەنگە بگاتە ملیارێك دۆلار، ئەوانە بفرۆشن لە ڕێگەی موزایەدەی ڕاستەوخۆ، چونكە دۆخی ئابووری باش نییە و لەجیاتی ئەوەی ئەو زەویانە بە بەلاش بدرێتە وەبەرهێنەران بفرۆشرێن بۆ خەرجی حكومەت."

د. فازڵ نەبی وتیشی:" ناكرێت زەویەكی باش بە بەلاش بدرێتە وەبەرهێنەر، بۆیە پێویستە حكومەت بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە بۆ ئەوەی ئەو دوو سێ مانگەی داهاتوو بتوانێ دۆخەكە بەئاسانی تێپەڕێنێت و جگە لەوەش، پەیوەندییەكی باش لەگەڵ بەغدا هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەبێ كێشە بەشی خۆی وەرگرێت، چونكە بەیاسا بۆی دیاری كراوە، بۆیە ئەگەر ئەو كارەش بكات ئەوكات تووشی هیچ قەیرانێكی دارایی نابێت."

جەختیشی كردەوە، ئەو قەیرانە كاتییە و ئەگەر ئەو سێ ڕێكار و خاڵە بگرێتە بەر دەتوانێ بەبێ گرفت ئەم دۆخەی ئێستا تێپەڕێنێت، چونكە زۆر لە ڕایەكان پێیان وایه،‌ ئەوەی هەیە دروست كراوە و كاتییە و لە ماوەیەكی كەمدا تێ دەپەڕێندرێت و نرخی نەوتیش بەرز دەبێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن