چی بەرامبەر ئەو چالاكوانە ژنە كراوە كە وتبووی " فرەژنی بەشێكە لەلەشفرۆشی"

کوردستان

06/12/2022     ژمارەی بینراو 725

راچڵەكین-

لقی سلێمانی یەكێتی زانایانی ئایینی سكاڵای یاسایی لەسەر شیلان حەمە نوری، چالاكوانی ژنان تۆماركرد، كە لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی رایگەیاند"فرەژنی بەشێكە لە لەشفرۆشی".

لقی سلێمانی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، رۆژی 5ی 12ی 2022 لەسەر راسپاردەی مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتی زانایان لەرێی داواكاری گشتی سكاڵای لەسەر ئەو ژنە تۆماركرد، كە لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی رایگەیاند:" فرەژنی بەشێكە لە لەشفرۆشی".

لەبەشێكی سكاڵایەكە هاتوە: "ئێمە وەكو لقی سلێمانی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە دژی ئەو وتەو بێڕێزیانەی كە خاتو (شیلان حەمە نوری) لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی (كەناڵی ئاسمانی كوردسات نیوز بەناوی بەرنامەی رەهەند) كردویەتی بەرامبەر بەوكەسانەی كە زیاتر لە هاوسەرگیریەكیان ئەنجامداوەو لەهەر دو رەگەزی نێرو مێ، كە بە جۆرێك لە لەشفرۆشی ناوزەدیكردون، كە ئەمە ناوزڕاندنی هەمو ئەو تاك و خێزانانەیە كە ئەو پرۆسەیان ئەنجام داوە".

ئاماژە بەوەشكراوە:"ئەمە بێڕێزییە بە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز كە دەقەكانی رێگەی بە ئەنجامدانی زیاتر لە پرۆسەیەكی هاوسەرگیری داوە بەپێی بنەما شەرعیەكان، بێرێزییە بەرامبەر بە كۆمەڵگەی ئیسلامی و كوردەواری، كە بەدرێژایی مێژوی چواردە سەدەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئەم پرۆسەیان ئەنجام داوە".

شیلان حەمە نوری، چالاكوانی ژنان لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاندوە، "ئێستا لە مەنتیقەی خلیج رێكخراوەكانی ئەوێ بەدەست دیاردەیەكەوە دەناڵێنن، دەڵێن، زەواجی موتعە بۆ نیو سەعات هەمانە لەناو باخێكدا لە شوێنێكدا بۆ نیو سەعات كە ئەمە بەناوی ئایینەوە دەكرێت، لەلای من ئەمە جۆرێكە لە لەشفرۆشی، بۆچونی من بۆ فرەژنیش بەهەمان شێوەیە لەگەڵ رێز و حورمەتم".

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن