ئێران: ١٢ تیمی تیرۆری سەر بە ئیسرائیلمان دەستگیرکرد

جیهان

25/01/2023     ژمارەی بینراو 157

راچڵەکین –

وەزارەتی هەواڵگریی ئێران دەستگیرکردنی ١٢ تیمی راگەیاند کە تۆمەتبارکراون بە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەریی لە کۆماری ئیسلامی.

ئیسماعیل خەتیب وەزیری هەواڵگریی ئێران لەبارەی چالاکییەکانیان بۆ رێگەگرتن لە ئەگەری پەلامارە تیرۆریستییەکان بۆسەر وڵاتەکەی بە ئاژانسی هەواڵیی "تەسنیم"ی رايگەیاند: "١٢ تیمی تیرۆر کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە و هەوڵیان داوە بۆ ئاژاوەناوە چالاکی ئەنجام بدەن، قۆڵبەست کراون".

بانگەشەی ئەوەیشی کرد کە ئەم هەوڵە لە دوای ئەوە پلانی بۆ داندراوە کە " خۆپیشاندانەکانی دوژمنانی ئێران دوای مەرگی مەهسا ئەمینی بێ ئەنجام بوون".

رۆژی ١٣ی ئەیلول دوای ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن پۆلیسی ئیرشادی تارانه‌وه‌ بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی باڵاپۆشی"، مەهسا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵان رەوشی ته‌ندروستیی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە. رۆژی ١٦ی ئەیلوول ئه‌مینی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا و مه‌رگی ئەمینی بووه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایه‌تی له‌ زۆربەی شارەکانی ئێران دژبە ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کە بارەگاکەی لە نەرویجە له‌ راپۆرتی رۆژی نۆی کانوونی دووەم بڵاوی كرده‌وه‌، ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی لە ئاکامی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی دوای مه‌رگی مه‌هسا ئه‌مینی له‌لایه‌ن هێزە ئەمنییەکانه‌وه‌ گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ ٤٨١ کەس.

لە راپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی دۆسیەی زیاتر لە ١٠٩ دەستگیرکراو کە داوا دەکرێت سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێندرێت رەوانەی دادگا کراون.

تاکوو ئێستا سزای لەسێدارەدان بەسەر چوار لەو خۆپیشاندەرانەدا جێبەجێ کراوە کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن