ئەو دوو تۆمەتبارەی بە فێڵ پارەیان لە هاووڵاتییەك وەرگرتبوو دەستگیركران

کوردستان

25/01/2023     ژمارەی بینراو 195

راچڵەكین –

پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند كە بە فێڵ پارەیان لە هاووڵاتییەك وەرگرتبوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دوای ئەوەی هاوڵاتییەكی بەناسنامە عەرەب، سكاڵای یاسایی  تۆماركرد كە دوو كەس بەبیانوی كارئاسانیكردن بۆی لەبنكەی پۆلیس، بڕی هەزارو پێنجسەد دۆلاریان  لێوەرگرتووەو هەڕەشەیان لێكردووە كە دەبێت بڕی پێنج هەزار دۆلاری تریان بداتێ، دوای لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران، توانرا لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە هەردوو تۆمەتبار بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، لەكاتی دەستگیركردنی هەردوو تۆمەتبار (ڕ،ك،ع لەدایكبووی 1990) و (س، ص لەدایكبووی 1982)، دەستبەسەر ئەو بڕە پارەیەشدا گیرا كە بەفێڵ لەهاووڵاتییەكەیان وەرگرتبوو.

لەئێستادا تۆمەتبارەكان بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 312 لەیاسای سزادانی عیراقی،  ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن