ئەمریكا بنكە سەربازییەكانی لە سووریا بەهێزتر دەكات

جیهان

26/01/2023     ژمارەی بینراو 103

راچڵەكین -

سوپای ئەمریكا لەچوارچێوەی پلانەكانی بۆ بەهێزتركردنی بنكە سەربازییەكانی لە سووریا، كاروانێكی دیكەی كەلوپەل و پێداویستی سەربازیی كە نزیكەی 70 ئۆتۆمبێل دەبوون، رەوانەی پارێزگای حەسەكەی لە رۆژئاوای كوردستان كرد.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە، كاروانە سەربازییەكەی ئەمریكا لەكاتی گواستنەوەیدا، لەلایەن چەند هێلكۆپتەرێكەوە یاوەری كراوەو گەیەندراوەتە ژمارەیەك بنكەو خاڵی سەربازیی ئەو وڵاتە لە ناوچەی شەدادیی سەر بە پارێزگای حەسەكە.

لە كاروانەكەدا سێ زرێپۆش و هەشت تانكەری سووتەمەنی و دوو ئۆتۆمبێلی پاككردنەوەی مین، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر بارهەڵگری پڕ لە گولـلە و قاڵبی كۆنكرێتی هەبوون.

رەوانەكردنی كاروانە سەربازییەكەی ئەمریكا بۆ بنكە سەربازییەكانی لە رۆژئاوای كوردستان، كە هەر لەم مانگەدا دوو كاروانی دیكەی پڕ لە چەك و تەقەمەنی رەوانەكردبوو، هاوكاتە لەگەڵ لێدوانەكانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، كە رایانگەیاندووە گۆڕەپانی سووریا بۆ نەیارەكانیان چۆڵ ناكەن و بەردەوامیش دەبن لە هاوكاری و هەماهەنجگی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە). 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن