ئەمریكا كوژرانی بەرپرسێكی باڵای رێكخراوی داعش لە سۆماڵ رادەگەیەنێت

جیهان

27/01/2023     ژمارەی بینراو 73

راچڵەكین-

بەرپرسانی باڵای ئەمریكا رایانگەیاند، بیلال سوودانی كە یەكێكە لە ناوە دیارەكانی ناو رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و پاڵپشتی دارایی و لۆجستیی پێشكەش بە رێكخراوەكە كردووە لەگەڵ 10 ئەندامی دیكەی رێكخراوەكە لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە سۆماڵ كوژراون.

دوو بەرپرسی باڵای ئەمریكا كە نەیانویستووە ناویان ئاشكرا بكرێت، لەمیانی كۆبوونەوەیەكدا كە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچووە، رۆژنامەنووسانیان لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاگادار كردووەتەوە كە شەوی رابردوو بەمەبەستی دەستبەسەركردنی بیلال سوودانی بۆ سەر حەشارگەیەكی رێكخراوەكە لە باكووری سۆماڵ رێكخرابوو.

بە ئاماژەدان بەوەی بیلال سوودانی لەو ئۆپەراسیۆنەی سوپای ئەمریكادا كوژراوە، دەسەڵاتداران رایانگەیاند كە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكەدا هیچ كەسێكی مەدەنی و سەربازیی گیانی لەدەست نەداوە، تەنها سەربازێكی ئەمریكی لەلایەن سەگێكەوە بریندار كراوە كە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بەكار هێنرابوو.

بەرپرسان ئاماژەیان بەوە دا كە پلانەكانیان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی كە باسی لێوە دەكرێت چەندین مانگی خایاندووە و رایانگەیاندووە كە سەرۆكی ئەمریكا، جۆ بایدن، هەفتەی رابردوو لەو بارەیەوە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن)ەوە ئاگاداركرابووەوە و سەرەتای ئەم هەفتەیەش ئۆپەراسیۆنەكەی پەسەند كرد.

ئاماژە بەوەش كرا كە بیلال سوودانی بەر لەوەی پەیوەندی بە رێكخراوی داعشەوە بكات، "مێژوویەكی دوور و درێژی تیرۆر"ی هەبووە.

هەروەها راگەیەندرا، بیلال سوودانی كە لە ساڵی ٢٠١٢دا ناوی لە لیستی سزاكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكادا هاتبوو، هاوكاریی چەكدارانی بیانی كردبوو بۆ ئەوەی لە كەمپەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی ئەلشەباب مەشق و راهێنانی وەربگرن و پاڵپشتیی دارایی بۆ ئەم رێكخراوە دابین كردبوو.

بەرپرسان ئاماژەیان بەوە داوە، هاوپەیمانە گرنگەكانی دیكەی ئەمریكا بەتایبەتیش حكوومەتی سۆماڵ-یان لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە ئاگادار كردووەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن