رووسیا باڵیۆزی دوو وڵاتی ئەوروپا لە مۆسكۆ دەردەكات

جیهان

27/01/2023     ژمارەی بینراو 354

راچڵەكین –

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڕیاریدا باڵیۆزی دوو وڵاتی ئەوروپا لەمۆسكۆ دەربكات و مۆڵەتی دوو هەفتەشی پێداون بۆ جێهێشتنی خاكی رووسیا.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەكاردانەوەی هەڵویستە دوژمنكارانەكانی هەردوو دەوڵەتی ئەستۆنیا و لاتڤیا بەرامبەر رووسیا، بڕیارماندا باڵیۆزی هەردوو وڵات لە مۆسكۆ دەربكرێن و ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانیش لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا كەمبكرێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەكردووە، كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی لاتڤیا-یان لە مۆسكۆ بانگهێشتكردووەو پێیان راگەیاندووە كە دەبێ لەماوەی دوو هەفتەدا باڵیۆزەكەیان خاكی رووسیا جێبهێڵێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڕیاریدا هەمان رێوشوێن لەدژی ئەستۆنیا بگرێتەبەرو باڵیۆزی ئەو وڵاتەی لە مۆسكۆ ئاگاداركردبووەوە كە دەبێ تا رۆژی 7ی مانگی داهاتوو، خاكی رووسیا جێبهێڵێت.

بڕیارەكەی رووسیا بە كەمكردنەوەی پەیوەندی دیپلۆماتی لەگەڵ ئەستۆنیا و لاتڤیا، وەك كاردانەوەیەك دێت بەرامبەر بڕیاری هەردوو وڵات كە رایانگەیاندبوو لە رۆژی 24ی شوباتی ئەمساڵەوە ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانیان لەگەڵ مۆسكۆ بۆ كاربەڕێكەری باڵیۆزخانە، كەمدەكەنەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن