عەبدوڵڵاهیان: هێرشکەرەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان سزا دەدەین

جیهان

28/01/2023     ژمارەی بینراو 163

راچڵەکین –

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند دوای دادگاییکردن، سزای ئەو کەسە دەدەن کە هێرشە چەکدارییەکەی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران ئەنجامدا.

وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سەردانی ئەو کارمەندانەی باڵیۆزخانەی ئازەربایجانی لە تاران کرد کە لە هێرشی سەر باڵیۆزخانەکە برینداربوون و لە نەخۆشخانەی شوهەدای تەجریش چارەسەر وەردەگرن.

لە پاش بەسەرکردنەوەی بریندارەکان، عەبدوڵلاهیان لەگەڵ باڵیۆزی ئازەربایجان لە تاران، عەلی عەلیزادە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، شەهنام عالەمداری کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکرد.

عەبدوڵلاهیان نیگەرانی خۆی سەبارەت بە رووداوەکە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، کار دەکەن بۆ ناردنی تەرمی ئەو کارمەندەی لەو هێرشەدا گیانی لەدەستدا بۆ ئازەربایجان و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست.

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد کە سەرۆكکۆماری وڵاتەکەی، ئیبراهیم رەئیسی فەرمانی داوە لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد لە رووداوەکە بكرێت، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەنجامدەری هێرشەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

عەبدوڵڵاهیان باسی لەوە کرد پرۆسەی دادگاییکردنی ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ دەستی پێ کردووە و رایگەیاند: "کاری پێویست دەکرێت بۆ بەسزا گەیاندنی ئەنجامدەری هێرشەکە. نابێت رێگە بدەین بەبیانووی ئەم هێرشەوە وڵاتانی سێیەم زیان بە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بگەیەنن".

لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئازەربایجان لە تاران، عەلی عەلیزادە ئاماژەی بەوە کرد کە لەو هێرشەی کرایە سەر باڵیۆزخانەکەیان کارمەندێکیان گیانی لەدەستداوە و دوو کارمەندی دیکەشیان برینداربوون.

عەلیزادە باسی لەوە کرد کە نەستەرگەری بۆ یەکێک لە بریندارەکان کراوە و دۆخی تەندروستیی باشە و گوتی: "نەشتەرگەری هاوڕێکەی دیکەمان درێژەی هەیە. ئومێدەوارین هەرچی زووە ئەویش چاک ببێتەوە".

هەروەها عەلیزادە هێرشەکەی بە کردەیەکی تیرۆریستیی ناوزەد کرد و رایگەیاند: "ئەمە کردەیەکی تیرۆریستییە و ئەم هێرشە وەک کارێک دەبینین کە بەمەبەستی زیانگەیاندن بە پەیوەندییەکانی ئازەربایجان-ئێران ئەنجام دراوە، چاوەڕوانین ئەنجامدەرانی هێرشەکە بە سزای رەوا بگەن".

باڵیۆزی ئازەربایجان لە تاران، سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئێرانی کرد کە بریندارانی هێرشەکەی بەسەر کردووەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن