تۆڕێکی "مەترسیدار"ی بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکران

عێراق

29/01/2023     ژمارەی بینراو 157

راچڵەکین -

تۆڕێکی "مەترسیدار"ی بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر کە لە پێنج کەس پێکھاتووە لە باشووری عیراق دەستگیرکران.

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایگەیاند ھێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ماددە ھۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان سەربە وەزارەتی ناوخۆ لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا لە باشووری عیراق تۆڕێکی "مەترسیدار"ی بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەریان دەستگیرکرد.

روونیشیکردەوە توڕەکە لە پێنج تۆمەتبار پێکھاتووە کە "دوو لە تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان، ھەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی بیانیین و سێ تۆمەتبارەکەی دیکەیش ھەڵگری رەگەزنامەی عیراقن".

راشیگەیاند لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ٣٤ کیلۆگرام لە ماددەی ھۆشبەری جۆری (ئافیۆن) کە لەلایەن دەستگیرکراوەکاندا ھەوڵدراوە بە قاچاغ بھێندرێتە ناو عیراق دەستی بەسەردا گیراوە.

دوێنێش وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایگەیاندبوو کە لە میانی ٢٥ رۆژی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا، هەزار و ١٠٤ کەس بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن