بانکی ناوەندی دەنگۆیەك دەربارەی دۆلار رەتدەکاتەوە

ئابوری

29/01/2023     ژمارەی بینراو 696

راچڵەکین –

بانکی ناوەندیی عیراق رەتی کردەوە کە فرۆشتنی دۆلاری ئەمریکی بەشێوەیەکی راستەوخۆ بە ھاووڵاتییان سنووردار کرابێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بانکی ناوەندیی عیراق رایگەیاند بە ھیچ شێوەیەک رێگری نەکراوە لەوەی کە راستەوخۆ دۆلار بە ھاووڵاتییان بفرۆشرێت، ھەروەھا فرۆشتنیشی سنووردار نەکراوە.

راشیگەیاند کە سیستەمی ئەلیکترۆنی رێگا نادات لە یەک رۆژدا، فرۆشتنی دۆلار بەیەک کەس دووبارە ببێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە میدیاکان کراوە کە بەئامانجی گەیشتن بە دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە رێکارەکانی فرۆشتنی دۆلار، تەنھا پشت بە بانکی ناوەندیی ببەستن.

پێشتر نەبیل موسەوی، شارەزا و مامۆستای کۆلێژی کارگێڕیی و ئابووریی سەربە زانکۆی بەسرە، لە ھەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا رایگەیاندبوو کە ئەگەری ھەیە بانکی ناوەندیی عیراق، راستەوخۆ فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان رابگرێت.

نەبیل موسەوی ئاماژەی بەوەداوە کە لەمەودا، بانکی ناوەندیی تەنھا لەڕێگای سیستەمی ئەلیکترۆنییە دۆلار بە بانکەکان دەفرۆشێت.

ئەم پێشھاتەیش لە کاتێکدایە، دابەزینی نرخی دینار بەرامبەربە دۆلار لە بازاڕەکانی عیراقدا بەردەوامە و بەیانی ئەمڕۆ، ١٠٠ دۆلار بە ١٦٥ ھەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن