رووسیا: ئۆکراینا بە چەکی ئەمریکی ١٤ مەدەنی کوشتووە

جیهان

29/01/2023     ژمارەی بینراو 68

راچڵەکین –

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، بەهۆی هێرشی سوپای ئۆکراینا بەچەکی ئەمریکی ١٤ کەس لە ڵوهانسک کوژراون و ٢٤ی دیکەیش برینداربوون.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند دوێنێ، سوپای ئۆکراینا بە بەکارهێنانی سیستەمی مووشەکهاوێژی فرەلوولەی "HIMARS"ی ئەمریکی هێرشی کردووەتە سەر نەخۆشخانەیەک لە شاری نۆڤوایدار سەربە ناوچەی ڵوهانسک.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە هێرشەکە بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ژمارەیەک وڵاتی ئەندام لە ناتۆ ئەنجام دراوە و ئاماژە بەوە دراوە کە لە ئاکامی هێرشەکەدا، ١٤ کەس کوژراون و ٢٤ی دیکەیش برینداربوون.

لە راگەیەندراوەکەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە هەمان رۆژ یەک لەسەر سێی ئەو ١٧ مووشەکەی لەلایەن سوپای ئۆکرایناوە ئاراستەی نۆڤۆڤیا کاهۆڤکا کراون لە ناوچەی خێرسۆن لە گۆڕەپانی نەخۆشخانەکاندا کەوتوونەتە خوارەوە و هاتووە: "رژێمی کیێڤ و پشتیوانە خۆرئاواییەکانی تاوانباری جەنگن بەهۆی بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانەکان بە ئەنقەست. نەبوونی کاردانەوەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لەهەمبەر ئەو پێشلێکارییانەی ئۆکراینا دەرخەری ئەوەیە کە ئەوانیش راستەوخۆ بەشدارن لەو تاوانە".

لە راگەیەندراوەکەدا تۆمەتی ئەوە خراوەتە پاڵ وڵاتانی خۆرئاوا کە سیاسەتێکی دووفاقییان گرتووەتە بەر و تیایدا هاتووە: "ئەوان لە کاتێکدا سوپای رووسیا لە ئیرپین و بوچا تاوانبار دەکەن، بەڵام چاو دەپۆشن لە کوشتنی مەدەنییەکان لەلایەن سوپای ئۆکراینا بە چەکی ئەمریکی، بەریتانی، ئەڵمانی و فەڕەنسی. خۆرئاوا بۆ پەردەپۆشکردنی بەرپرسیارێتی خۆی سەرنج دەخاتە سەر شوێنی دیکە. تەواوی ئەم کارە نایاسایی و تاوانانەی سوپای ئۆکراینا بەبێ وەڵام نامێننەوە".

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، سوپای ئۆکراینا بە بەکارهێنانی سیستەمی مووشەکهاوێژی فرەلوولەی "HIMARS"ی ئەمریکی هێرشی کردووەتە سەر نەخۆشخانەیەک لە شاری نۆڤوایدار سەربە ناوچەی ڵوهانسک و لە ئاکامی هێرشەکەیشدا، ١٤ کەس کوژراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن