فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە

ئابوری

29/01/2023     ژمارەی بینراو 863

راچڵەكین –

لەسەر داوای پەرلەمانتارێكی یەكێتی، بانكی ناوەندیی عیراق بڕیاریدا هاوشێوەی فڕۆكەخانەی عیراق، لە فڕۆكەخانەی سلێمانی و هەولێریش دۆلاری بە نەرخی فەرمی بە گەشتیاران بفرۆشرێت.

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاندووە، دوای ئەوەی نوسراوم كرد بۆ بانكی ناوەندی بۆ ئەوەی هاوشێوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد، دۆلار بەنرخی بانك بفرۆشرێتە گەشتیاران لە فڕۆكەخانەی سلێمانی و هەولێر.. ئەمڕۆ یەكشەممە، بانكی ناوەندی بانكەكانی رافیدەین و رەشید و TBIی راسپارد بۆ ئەوەی لە فڕۆكەخانەكانی بەغداد، نەجف، بەسڕە، سلێمانی و هەولێر، دەستبكەن بە فرۆشتنی دۆلار بە نرخی بانك بە گەشتیاران كە لەو فڕۆكەخانانەوە گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەن.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیارەكە لە سبەینێ دووشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوەو هەر گەشتیارێك بڕی پێنج هەزار دۆلاری بە نرخی فەرمیی بانك پێ دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی بڕیارەكەی بانكی ناوەندیی عیراق، فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران، كە هەر دۆلارێك نرخی هەزارو 470 دینارە، دەروازە سنورییەكانیش دەگرێتەوە، ئەمەش دوای پێشكەشكردنی مەرجەكانی گەشتكردن (ڤیزا یان خروجییەی ئۆتۆمبێل).

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن