بەرهەمهێنانی كارەبا لە عیراق كەمدەبێتەوە

عێراق

29/01/2023     ژمارەی بینراو 134

راچڵەكین –

وەزارەتی كارەبای عیراق بڵاویكردەوە، بەهۆی راگرتنی ھەناردەكردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عیراق، ئاستی بەرھەمھێنانی كارەبا لە بەغدا و ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری وڵات حەوت ھەزار و 500 میگاوات كەمبووەتەوە.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە كە ماوەی 12 رۆژە، ئێران بەبیانووی چاككردنەوەی بۆری گواستنەوەی غاز، ھەناردەكردنی غازی بۆ وێستگەكانی بەرھەمھێنانی كارەبا لەعیراق راگرتووە.

لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، بەھۆی ئەو ھەنگاوەی ئێران، ئاستی بەرھەمھێنانی كارەبا لە بەغدا و ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق، حەوت ھەزار و 500 میگاوات كەمبووەتەوە، كە ئەوەش بەشێوەیەكی بەرچاو، كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی پێدانی كارەبای نیشتمانیی بە ھاووڵاتییان دروستكردووە.

وەزارەتی كارەبای عیراق باسی لەوەشكردووە كە  رێوشوێنی بەپەلەیان گرتووەتەبەر و لەسەر ئاستی باڵا ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی نەوت كردووە بۆ ئەوەی بڕی زیاتر لە سووتەمەنی جێگرەوە بۆ وێستگەكانی بەرھەمھێنانی كارەبا لە بەغدا و ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور دابین بكات، تا بتواندرێت كەمكردنەوەی ھەناردەكردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە قەرەبوو بكرێتەوە.

عیراق ساڵانێكی زۆرە بۆ دابینكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرھەمھێنانی كارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بە بیانووی جیاجیا ھەناردەكردنی غاز بۆ عیراق رادەگرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن