هاتووچۆی هەولێر چەند رێنماییەك ئاڕاستەی شۆفێران دەكات

کوردستان

24/03/2023     ژمارەی بینراو 197

راچڵەكین -

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر، بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە، چەند رێنماییەك ئاڕاستەی شۆفێران دەكات و داواشیان لێدەكات لەكاتی بەڕژووبوون تیژڕەوی نەكەن و چوار كاتژمێر بەر لە ئێوارە، پێویستییەكانی رۆژووشكاندن بكڕن.

دەقی رێنماییەكان:

1/ پێویستە لێخوڕین بەو خیراییە بكرێت كە بەپێی هێماكانی هاتووچۆ دیاریكراوە، نەك زێدەڕۆیی بكرێت، چونكە ڕێگا هەمان ڕێگای جارانە و ئۆتۆمبێلەكەشتان هەمان ئۆتۆمبێلە، وەئەوەی لەمانگی پیرۆزی رەمەزانتان گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە، جەستەی ئێوەیە، كە بەهۆی ڕۆژوبوون شەكرو فشاری خوێنتان دادەبەزێت،و ەدەبێتە هۆی بێتاقەتی، بەمەش توانای شوفێریتان كەمتر دەبێتەوە، جائەگەر تیژڕۆ بن ئەوەندەی تریش تواناكانتان كەم دەبێتەوە.

2/ پێویستە بەر لەسواربونی ئوتومبێل تەماشایەكی خۆتان بكەن و گوێ لەزمانی جەستەتان بگرن، وەئەگەر هەستتان كرد كە بێتاقەتن، یان زیاد لەرادەی ئاسایی توڕەن یان خەوتان دێت، شوفێری نەكەن.

3/ پێویستە پێداویستییەكان ڕۆژوشكاندن (پاقلاوە، ترشیات، شەربەت، خورما، هەرشتێكی تر كە پێویست بێت) بەر لەكاتژمێر 4ی ئێوارە كڕابێت، بۆئەوەی لەوكاتە بەدواوە كە بێتاقەتی لەلوتكەیە، تووشی ئەوەنەبن بچنە بازاڕ بۆشت كڕین، چونكە لەگەڕانەوە تووشی دۆخێكی نالەبار دەبن و ناچار دەبن تیژڕۆیی بكەن.

4/ پێویستە چاوتان بەبەردەوام لەسەر ڕێگاو دەوروبەری بێت و چاوتان بەردەوام بێت لە گەڕان لەپیادەكان، كە ئەوانیش بەهۆی بەڕۆژوبون تەركیزیان لەدەست دەدەن، وە لەوانەیە بێئاگایی بپەڕنەوە.

5/ بۆشوفێرانی بارهەلگر و تاكسیەكانی هێڵی دەرەوە، پێویستە هەر لەپاش نوێژی تەراویح بخەون، ئەگەر بەنیاز بن لەپاش نوێژی بەیانی دەربچن بۆسەر كارەكانیان، وە نابێت تاكو پارشێو بەخەبەربن وە لەدوای نوێژی بەیانی بچنە سەركار، چونكە لەو حاڵەتە خەوەكانیان لەپشتی ستێرنی ئۆتۆمبێلەكان تەواو دەكەن، بەمەش تووشی ڕوداوو كارەسات دەبنەوە.

6/ پێویستە زۆر بەئاگاییەوە لەیەكتربڕەكان نزیك ببنەوە، تەنانەت ئەگەر ڕێگایەكان چۆڵیش بن، چونكە مەترسیدارترین شوێن لەشەقامەكان یەكتربڕەكانە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن