عیراق؛ 600 ملیار دینار بۆ كەسانە تەرخانكرا كەهەژارو كەمدەرامەتن

عێراق

08/04/2020     ژمارەی بینراو 373

راچڵەكین-

لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتیی نیشتمانیی عیراق بڕیاریدا600 ملیار دینار بۆ دوو مانگی داهاتوو تەرخان بكات بۆ ئەوەی بەسەر ئەو هاووڵاتییانەی كە كەم دەرامەت و هەژارن و هیچ داهاتیەكیان نییە، دابەش بكرێت.

لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتیی نیشتمانیی عێراق بەسەرۆكایەتی، عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەر، كۆبوەوەو ژمارەیەك پرسی گرنگی تاوتوێكرد لەوانە رەوشی تەندروستیی لەئێستادا، ئەو هەوڵانەی كە بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، لەگەڵ چۆنیەتی تەرخانكردنی پارە بۆ هاووڵاتییان كە ئێستا بەهۆی قەدەغەكردنی هاتوچۆوە رەوشی دارایی و ئابوورییان خراپبووە.

بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەر، لە كۆبوونەوەكەدا، پرسی گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی كە لە دەرەوەی عێراق بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیریانخواردووە و لەئێستادا رووبەڕووی رەوشێكی سەخت بوونەتەوە خراوەتەبەرباس و لەوبارەیەوە سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەر، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند: "ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی گیریانخواردووە، كەسوكاری ئێمەن و دڵنیایان دەكەینەوە كە دەیانگەڕێنینەوە وڵات، بۆ ئەو مەبەستەش داوامانكردووە بەپەلە رێوشوێن بۆ گەڕاندنەوەی عێراقییەكان لە دەرەوە بگیرێتەبەر."

عادل عەبدولمەهدی هەروەها بریاری دا، مووچەی مانگانەی خۆی ببەخشێت بە سندوقی پاڵپشتی خێرخوازی كۆمەڵایەتی و لەوبارەوە داوای لە بەرپرسان و خێرخوازان كرد پاڵپشتی دارایی لە هەوڵەكانی نیشتمانیی، تەندروستیی و كۆمەڵایەتیی بكەن.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا  بڕیاردرا كە قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە پارێزگاكانی عێراق تا 18ی ئەم مانگە درێژ بكرێتەوە.

ئەنجامی كاری لیژنەكانی تایبەت بۆ دابینكردنی پاڵپشتی پێویست بۆ كرێكارانی كەرتی تایبەت و خێزانە كەمدەرامەتەكان و میكانیزمی خەرجیی پێشكەش بە سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەر كرا.

لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتیی نیشتمانیی لە كۆبوونەوەكەدا رەزامەندی نیشان دا لەسەر بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە دواخستنی دانەوەی قەرز لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بە بانكەكان، هەروەها كرێی زەویوزار و خزمەتگوزارییەكان لەگەڵ بەشە خۆراك بۆ سێ مانگی داهاتوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن