وەزارەتی تەندروستی ئامارێكی نوێ لەبارەی كۆرۆنا بڵاودەكاتەوە

کوردستان

09/04/2020     ژمارەی بینراو 519

راچڵەكین

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماری نوێی لە بارەی كۆرۆنا بڵاوكردەوەو بە گوێرەی ئامارەكە، كۆی گشتی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووە (311) كەس.

دەقی راگەیەندراوەكە:

ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی

ژمارە (45)

سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان،  رێكارەكان بەردەوامن بەم شێوەیە:

1- كەرەنتین

ژمارەی هاووڵاتیان لە كەرەنتینەكان (6819) هاووڵاتی بوون لە (34) شوێنی جیاواز، لەئێستادا تەنها (1533) هاووڵاتی لە كەرەنتین ماونەتەوە (754) لە هەولێر، (46) لە سلێمانی، (646) لە دهۆك، (48) لە هەڵەبجە، (9) لە گەرمیان، (22) لە راپەرین، (8) كۆیە و (5286) هاووڵاتی لە كەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خێزانەكانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ كەرەنتین كردنی ژمارەیەكی تری كەرەنتین كراو لە 24 كاتژمێری ڕابردوو كە كۆی گشتی بریتی بوو (56) هاووڵاتی.

2- پشكنین

لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوو (1295) پشكنین ئەنجام دراوە، (1047) هەولێر، (148) سلێمانی، (100) دهۆك.

دەرەنجام (2) تووشبووی نوێ تۆماركرا وە بەم شێوەیەی خوارەوە:-

* پارێزگای هەولێر (1) پۆزەتیڤ، ئافرەتێك تەمەن (38) ساڵ و دانیشتووی گوندی كانی گەنیە و بەركەوتەی تووشبووانی پرسەی ماتەمینی گەڕەكی كارێزانە.

* پارێزگای هەڵەبجە (1) پۆزەتیڤ، كوڕێكی تەمەن (20) ساڵ و بەركەوتووی تووشبووانی پێشووە.

3- ئاماری گشتی

كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان گەشتە (311) تووشبوو،  لەناویاندا (3) مردن هەیە و (135) نەخۆش چاكبووەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشكی دان.

وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەكانی پزیشكی كە لە كاردان جارێكی تر تكا دەكەین هاووڵاتیان بە هیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە لە ماڵەكانیان و پابەندبن بە رێنماییەكانی تەندروستی، و لەكاتی پێویستدا پەیوەندی بكەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (122).

وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان

9ی نیسانی2020

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن