كۆسرەت رەسول پەیامێك ئاراستەی مستەفا كازمی دەكات

کوردستان

09/04/2020     ژمارەی بینراو 363

راچڵەكین

كۆسرەت رەسول عەلی لە پەیامێكدا بۆ مستەفا كازمی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، هەڵوێستی یەكێتی ئاشكرا دەكات و داواشدەكات كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەژێر ڕۆشنایی دەستوورو بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عێراق چارەسەر بكرێن و داوا ڕەواكانی خۆپیشاندەرانیش جێبەجێ بكرێن.

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیامێكی ئاراستەی مستەفا كازمی كرد بەبۆنەی راسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، رایگەیاند كە یەكێتی هاوكارو پشتیوانت دەبێت.

دەقی پەیامەكە: 

‎برای بەڕێزم مستەفا كازمی- كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراقی

‎پیرۆزبایی ڕاسپاردنت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی وەزاری حكومەتی عێراقی ئیتیحادی لێ دەكەین.

‎یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتگیرو هاوكارت دەبێ لەو بەرپرسیاریەتییە مێژووییە بۆ تێپەڕاندنی سەرجەم قەیرانەكان و چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان.

‎ڕاسپاردنی جەنابتان لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراقی لە كاتێكدایە عێراق و ناوچەكەو جیهان بە تەنگژەو قەیرانی گەورەدا تێپەڕ دەبێ، هیوادارم بەهاوكاری سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكان بتوانن زاڵ بن بەسەر قەیرانەكان و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەژێر ڕۆشنایی دەستوورو بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عێراق چارەسەر بكرێن و داوا ڕەواكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكرێن و سەرجەم كێشەو قەیرانەكان چارەسەر بكرێن.

‎ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە حكومەتی نوێی عێراقی لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە بە بەشداری سەرجەم پێكهاتەو نەتەوە جیاوازەكان لەژێر ڕۆشنایی دەستوور پێكبێت و كاربكات بۆ پاراستنی بەرژەوەندی باڵای گەلانی عێراق.

‎كۆسرەت ڕەسول عەلی 
‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی 
‎یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن