چیرۆكی گۆرانی " انا و لیلی" ی کازم ساهیر

کەلتوور

09/02/2020     ژمارەی بینراو 1431

کازم ساهیر

ڕاچڵه‌كین-

کازم ساهیر هونه‌رمه‌ندی ناسراوی عیراق و جیهانی عەرەبی و لەناو هەودارانیشیدا نازناوی" قەیسەر"ی پێدراوه‌ ئەو یەکەمین گۆانیبێژی عیراقییە، کە توانی گۆرانی عیراقی، لە سنووری خۆی تێپەڕینێت و بیگەینێتە هەموو ماڵێکی عەرەبی و تەنانەت جیهانیش. 

لە عیراقدا پێش کازم ساهیر کۆمەڵێک گۆرانیبێژی ناسراو هەبوون، کە لە وڵاتانی دیكه‌ی‌ عەرەبی دەناسران بۆ نموونە " نازم غەزالی و یاس خزر" بەڵام کەسیان نەیانتوانی دەنگیان بگەیننە هەموو وڵاتانی عەرەبی.

یەکێک لە گۆرانییە خۆش و ناسراوەکانی کازم" انا و لیلی" یە، کازم ساهیر ئەم گۆرانییەی لە ساڵی 1998 دا وتووەو هەر زوو بەناو جیهانی عەەبیدا بڵاوبوویەوە. نەک ئەوەش تەنانەت بوو بە یەکێک لە گۆرانییە جیهانییەکانیش. 

لە راپرسییەکی کەناڵی بی بی سی دا لە ساڵی 2002 ، ئەم گۆرانییە پلەی شەشەمی لەسەر ئاستی جیهان وەرگرت، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی گۆرانی عیراقیدا، گۆرانییەک ئەو ئاستە جیهانییە بەدەستبهێنێت.

دیارە لەپشت ئەم گۆرانیەشەوە حکایەتێکی خۆشەویستی گەورە هەیە، لەهەمانکاتیشدا دزینی ئەدەبیش هەیە، چونکە هەتا خاوەنە ئەسڵیەکەی پەیدا بووە، چوار کەسی تر خۆیان کردووە بە خاوەنی، لەمەشدا کازم ساهیر رۆڵی جوامێری هەبووە، بۆ ئەوەی خاوەنەکەی بدۆزێتەوەو مافی نەفەوتێت و کەسیش خۆی نەکات بە خاوەنی، ئەویش مامۆستایەکی زمانی عەرەبی هەژاری خەڵکی عەمارە بووە. لێرەدا بە کورت باسی ئەم حکایەتە دەکەین.

خوێندکارێکی هەژار و دڵێکی بریندار:

حەسەن مەروانی خوێندکارێکی هەژاری باشووی عیراق بووە و خەڵکی شاری عەمارەیە" میسان"، لە ساڵانی حەفتاکاندا لە زانکۆی بەغداد بەشی ئادابی عەرەبی دەخوێنێت. لە کاتی خوێندندا لەناو پۆلەکەیدا عاشقی کچێک دەبێت ، کە ناوی " لەیلا" دەبێت.
ئەم کچە هەموو ناخۆشیی و هەژارییەکی لە بیر دەباتەوە، بەڵام لە دوایین ساتدا، بەتایبەتی لە دوا ساڵی خوێندندا ئەم عاشقە ، درکێکی بۆ پەیدا دەبێت، لەیلا دەبێتە جەلادێکی گەورە بۆ رۆحی ئەم کوڕە هەژارە، لەیلا واز لە حەسەن دەهێنێت و شوو بە خوێندکارێکی دەوڵەمەند دەکات. حەسەنیش تووشی داڕمان، بێزاری، بێئومێدی لە ژیان دەبێت، بەشێوەیەک خەریکە خۆی بکوژێت، بۆیە واز لە خوێندن دەهێنێت.

لێرەدا حەسەن شانسێکی باشی دەبێت، کۆمەڵێک هاوڕێی زۆر باشی دەبێت، ئەوان پشتگیری دەکەن و دڵنەوایی دەدەنەوەو داوای لێدەکەن کە لەیلا و خۆشەویستەکەی لە بیر بکات و بگەڕێتەوە بۆ خوێندن، ئەویش دواجار رازی دەبێت بگەرێتەوە بۆ زانکۆ و دەست بە خوێندن بکاتەوە.

بەڵام دڵی حەسەن زۆر برینیدارە، ئەم برینە قووڵەش ، دەبێتە شانسێكی باش بۆ ئەدەبی عیراقی، چونکە موژدەی لەدایک بوونی شاعیرو شیعرێکی جوانی پێیە. 

حەسەن حکایەتی خۆشەویستییەکەی خۆی کۆ دەکاتەوەو دەیکاتە شیعرێکی زۆر جوان، پاشان لەکاتی ئاهەنگی دەرچووندا، حەسەن دەیەوێت شیعرەکە بخوێنێتەوە، بەڵام ناتوانێت و دەلەرزێت، تومەز هێشتا دڵەکەی بریندارە، بەڵام دووبارە هاوڕێکانی پشتگیری دەکەن و داوای لێدەکەن بیخوێنێتەوە، ئەویش دواجار رازی دەبێت و دەیخوێنێتەوە.

هەموو نزاو پاڕانەوەکانم لەبەردەم میحرابی چاوەکەنتا مردن
ئاڵاکانیشم لەبەردەم رەشەبای بێئومێدیدا خۆیان تەسلیم کرد.
خەتای تۆ نەبوو، کاتێک هەموو هیواکانمت لەباربرد
تۆ هیچ گوناحێکت نەکردووه، بەڵکە ئەوە گەمژەیی خۆم بوو.


حەسەن، هەژاریی و جەنگ و رژێمی سەدام، زۆر شتی لەبیر دەباتەوەو تێکەڵی ژیانە ناخۆشەکەی عیراق دەبێت، لە ساڵانی نەوەتدا بەهۆی خراپی باری ژیان، وەکو زۆرێک لە هاوڵاتیانی عیراقی، بیر لە کۆچ دەکاتەوە بۆئەوەی بژێوی ژیان دابین بکات، بۆیە کۆچ بۆ لیبیا دەکات و وەکو مامۆستای زمانی عەرەبی کار دەکات. ماوەی چەند ساڵێک لەوە دەمێنێتەوەو پاشان دەگەڕێتەوە بۆ عیراق.

کردنی بە گۆرانی:

لە ساڵانی نەوتەکاندا ئەم شیعرە دەگاتە دەستی گۆرانیبێژی ناسراوی عیراقی " ریاز ئەحمەد" ، ئەویش زۆر بە دڵی دەبێت و بە شێوەی مەوال، لە فیستیڤاڵی بابل لە ساڵی 1996 پێشكەشی دەکات. بەڵام هێشتا ئەو ناوبانگە پەیدا ناکات، هەتا دەگاتە دەستی کازم ساهیر.

کازم ساهیر و شاعیرێکی ڕوخاو:

ساڵی 1998 شیعرەکە دەگاتە دەستی کازم ساهیر، ئەویش هەموو شیعرەکە نا، بەڵکو چەند بەیتێکی. پاشان هەر خۆی ئاوازێکی زۆر جوانی بۆ دادەنێت و هەر خۆشی دەیڵێت. گۆرانییەکە نزیکەی چارەکە كاتژمێرێك دەبێت، کاتێکیش بڵاودەبێتەوە، سەدایەکی گەورەی دەبێت و لەناو جیهانی عەرەبیدا، هێندەی تر کازم ساهیر ناوبانگ پەیدا دەکات.

پاشان لە عیراق و لەدەرەوەی عیراقیش زۆر کەس خۆی دەکات بە خاوەنی ئەم شیعرە، کورد وتەنی " سەرکەوتن باوکی زۆرە، شکست هەتیوە" بەڵام کازم ساهیر بە زیرەکی خۆی خاوەنە ئەسڵەکەی دەدۆزێتەوە، لەمبارەیەوە لە دیدارێکی تایبەتیدا لەگەڵ رۆژنامەی " الشرق الاوسگ" دا، بە ووردی باسی ئەم شیعرەو شاعیرەکەی دەکات و دەڵێت:

"من ناچار بووم بانگەوازێک لە رۆژنامەکان بڵاوبکەمەوەو داوامکرد، کە کێ خاوەنی ئەم شیعرەیە، ئاگادارم بکات. پاشان چوار کەس خۆیان کرد بە خاوەنی. بەڵام لەرێگەی برادەرێکەوە، زانیم کە خاوەنی ئەم شیعرە کێیە. ئەوەبوو حەسەن مەروانی هاتە لام، 35 بەیت شیعری پێشکەش کردم، ئەو کابرایەکی زۆر هەژار و بەڕێز و موحتەرەم بوو. لەو باوەڕەشدام، لەبەرئەوەی کەسێکی هەژار و بەرێز بوو، بۆیە زۆر کەس خۆی کرد بە خاوەنی."

سەرچاوەکان:

1/ كاضم الساهر: شاعر «أنا ولیلی‌ » سرق أربعه‌ مرات ڵ‌نه فقیر. رۆژنامەی الشرق الاوسط. الجمعـه‌ 02 صفـر 1427 هـ 3 مارس 2006 العدد 9957.

2/ كاضم الساهر سادسا علی‌ العالم. سایتی بی بی سی. 23/1/2002
و: ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵا

 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن