وەزیری پلاندانان: باوەڕناكەم سەرژمێری گشتی لەعیراقدا لەوادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت

چاوپێکەوتن

10/02/2020     ژمارەی بینراو 630

"باوەڕناكەم سەرژمێری گشتی لەعیراقدا لەوادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت"

راچڵەكین-رێژنه‌ فائق

لە كۆتایی مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠١٩دا، سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، كۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ پڕۆسەی سەرژمێریی لە عێراق بەڕێوەدەچێت، لەسەر ئەو پرسەش، تا ئێستا چەندین كۆبوونەوە لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا ئەنجامدراوە.

دكتۆر دارا رەشید، وەزیری پلاندانان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشبینی دەكات كە بەهۆی بارودۆخ و خۆپێشاندانەكانی عێراقەوە، پڕۆسەكە بكەوێتە سەرەتای ساڵی داهاتوو.

+ بڕیار وایە مانگی ١٠ی ئەمساڵ پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق بەڕێوەبچێت، ئەم پڕۆسەیە چۆنە و چۆن بەڕێوەدەچێت؟

دكتۆر دارا رەشید: "باوەڕ ناكەم مانگی ١٠ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت بەهۆی ئەوەی ئەو ئامادەكارییانەی كە پێویستە بكرێن، هەندێكی كراوە و خۆپێشاندانەكانی ئەم دواییەی عێراق پڕۆسەكەی دواخستووە، چونكە سەرەتا چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجامدرا و دواتر بەهۆی خۆپێشاندانەكانەوە كۆبوونەوەكان وەستا و ئێستا دەستی پێكردووەتەوە، هیوادارین بتوانین لە ساڵی ٢٠٢٠ پڕۆسەكە ئەنجام بدرێت، بەڵام باوەڕم وایە پڕۆسەكە بكەوێتە كۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو".

+ راپۆرتێك لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا ئامادەكراوە، پوختەی راپۆڕتەكە چییە؟

دكتۆر دارا رەشید: "لە دوایین كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری پلاندانانی عێراق، مەترسییەكانی ئەو سەرژمێرییەمان خستەڕوو لەسەر كورد، توركمان و كریستیان و نەتەوەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەو شوێنانەی كە پێی دەڵێن ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، چونكە پێشووتر ئەزموونێكی تاڵمان هەیە لەسەر پڕۆسەی سەرژمێریی، ئەگەر بگەڕێینەوە مێژووی سەرژمێرییەكان لە ساڵی ١٩٢٧ تا ساڵی ١٩٨٧  بە گشتی، سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ زیاتر كاری پێ دەكرێت، دەبینین ئەوكات لە شارێكی وەكو كەركووك رێژەی كورد لە سەرووی سەدا ٥٠ بووە، توركمان لەسەدا ٢٣ بووە، عەرەبە رەسەنەكان سەدا ٢٦ بوون و پێكهاتەكانی دیكەش رێژەیەكی دیكەیان هەبووە، ئەگەر سەیر بكەین لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ تا ئەو سەرژمێرییەی ساڵی ١٩٩٧ كە بەبێ هەرێمی كوردستان پڕۆسەی سەرژمێریی ئەنجامدرا، دەبینین رێژەی كورد دابەزیووە بۆ سەدا ٢٠ و رێژەی توركمان لەسەدا ٢٣ بووەتە سەدا ٦،٦ و لەبەرامبەردا رێژەی عەرەب بووەتە سەدا ٧٢ بۆیە هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن پڕۆسەی سەرژمێریی زیاتر سیاسیی بووە".  

+ پێتان وایە ئەمجارە پڕۆسەكە بە سیاسیی ناكرێت؟

وەزیری پلاندانان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان: "ئەمجارە دروشمی سەرژمێرییەكە، پەرەپێدانە، دوایین كۆبوونەوە كە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەتی كردبوو بەم بابەتە، ئەوا هەموو مەترسییەكانمان پێ گوتن چونكە ئەمە بەرپرسیارییەتی مێژووییە، ئەوەی كە باسمان كردووە ئەوەیە كە ئالییەتێك بدۆزینەوە كە سەرژمێریی ئەنجام بدرێت، ناكرێت هەندێك بابەتی سیاسیی تێكەڵ بكرێت، پێویستە دەریچەیەك بدۆزینەوە كە سەرژمێریی لە هەموو شوێنێك ئەنجام بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تایبەتمەندییەكی پێ بدرێت لە بابەتی سەرژمێریی بەجۆرێك كە ئەوانەی خەڵكی رەسەنی ئەو شوێنانەن لەسەر شوێنەكانیان ناونووس بكرێن، ئەوانەیشی كە بە پڕۆسەی تەعریب یان لەبەر بارودۆخی ئەمنیی هاتوونە ناوچەكە ئەوانیش لەسەر شوێنی خۆیان ناونووس بكرێن".  

+ لەسەر چ بنەمایەك خەڵكی ناوچەكان لەیەكتر جیا دەكرێنەوە؟

دكتۆر دارا رەشید: "چەند سیناریۆیەك هەیە لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ یان وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بەڵگەنامەیان هەیە، بۆ نموونە ئەوەی خەڵكی چ ناوچەیەك بووە ئەوا لە ناسنامەكەی شوێنی لەدایكبوونی هەیە و ئەگەر نیەتێك هەبێت ئەوا هەموو داتایەكمان لەبەردەستە و دەتواندرێت پڕۆسەكە ئەنجام بدرێت و مافی هەموویان پارێزراو بێت".

+ جگە لە هەڵوێستی كورد، هەڵوێستی پێكهاتەكان چۆنە، بە تایبەت ئێوە چەند جارێك كۆبوونەوەتان لەگەڵ پێكهاتەكان هەبووە، بۆچوونی ئەوان لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق چییە؟ 

دكتۆر دارا رەشید: "ئێمە بەرگریكارێكی هەموو پێكهاتەكانین بە توركمان و مەسیحییەكانیش، چونكە ئەوانیش پێیانوایە كە ئەو هێزەی كورد هەیەتی، ئەوان نیانە و ئێمە دەتوانین بەرگرییان لێ بكەین، چونكە لە رژێمەكانی پێشووتر هەر تەنها كورد زوڵمی لێ نەكراوە، بەڵكو نەتەوەكانی دیكەی وەك توركمان، مەسیحی، ئەرمەن و بەشێك لە عەرەبە رەسەنەكانی شوێنەكانیش زوڵمیان لێكراوە، پێكهاتەی مەسیحییەكان بۆچوونێكی تایبەتییان هەیە، چونكە ئەوان زیاتر لە دەشتی نەینەوا و لە مووسڵن و لە دوای پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق، مەسیحییەكان لەو ناوچانە هەڕەشەیەكی مەرسیداریان لەسەر بوو بەتایبەت دوای پەلاماردانی داعش بۆ ناوچەكانیان، دەتوانم بڵێم ئێستا لە هەموو شاری مووسڵ یەك مەسیحی لێ نەبێت، جا ئەوانە یان لە هەرێمی كوردستان دەژین یان چوونەتە دەرەوەی وڵات، بۆیە ناكرێت ئێستا سەرژمێریی بەدەر لە برا مەسیحیەكان لە مووسڵ ئەنجام بدرێت، پێكهاتەكان هەموویان بۆچوونیان لەگەڵ ئێمەیە و ئێمەش خۆمان بە بەرگریكاری ئەوان دەزانین".  

+ ئایا حكوومەتی عێراق هیچ بوودجەیەكی بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە (سەرژمێریی گشتیی) تەرخانكردووە؟

دكتۆر دارا رەشید: "لە عێراق ساڵی ٢٠٢٠ تا ئێستا یاسای موازەنە دەرنەچووە و باوەڕ ناكەم دەرچێت، بۆیە پێناچێت بوودجەیەكی تایبەت هەبێت، بەڵام حكوومەتی عێراق بڕیاریداوە بوودجەیەك بدات بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق و ژمارەكە بە تەواوی دیاریی نەكراوە چونكە لە دوایین كۆبوونەوەدا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوا لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق كراوە كە داوای بڕە پارەی پێویست بكات بۆ ئەوەی بوودجەیەكی تایبەتیان بۆ دابندرێت".

+ رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان لەم پڕۆسەیەدا چی دەبێت؟

دكتۆر دارا رەشید: "ئەوان چاودێر دەبن لسەر پڕۆسەی سەرژمێریی، ئێمەش پێمان خۆشە چونكە دەمانەوێت پڕۆسەكە بە شەفافی بەڕێوەبچێت و نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەڵێنیان داوە كە لەگەڵمان دەبن، رەنگە پاڵپشتی تەكنیكیشمان بكەن، هەتا لە كۆبوونەوەكانی تایبەت بەم پرۆسەیەوە نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەبوون و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیووە كە نزیكبوونەوەیەكی باش هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا، ئێمەش پێمان وایە كە ئەنجامدانی پڕۆسەكە پێویستە، ئەوەشمان لەبیربێت كە لە ساڵی ٢٠٠٩ هەموو ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی تەواوكرابوو، بەڵام خەڵكێك هەبوو لە بەغدا پڕۆسەكەیان تێكدا و نەیانهێشت پڕۆسەكە ئەنجام بدرێت ئەگەرنا عێراق دەیتوانی پلانی ستراتیجی هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لەسەر بنەمای ئەو سەرژمێرییە دابڕێژێت، بەڵام بەداخەوە نەیانهێشت". 

+ باسی ئەو سەرژمێرییەتان كرد كە بڕیابوو لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەنجام بدرێت، ئەو كات كێشەیەك لە فۆرمەكەدا هەبوو كە جگە لە نەتەوە و ئایین، جۆری مەزهەبیش دیاریكرابوو، ئایا لە سەرژمێرییەكەی ئەمجارەشدا هەمان كێشە هەیە یان دەستكاری ئەو خاڵە كراوە؟ 

دكتۆر دارا رەشید: "بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان ئەوەیە كە جیاكردنەوە نەبێت بە ئایین و مەزهەب و نەتەوە، بەڵام دەستووری عێراقی شتێكی ئارەزوومەندانەی بەجێهێشتووە، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە ئەگەر بمانەوێت پڕۆسەیەكی سەركەوتوو ئەنجام بدرێت، دەبێت هەموو شتێك روون بێت، تا بزاندرێت عێراق لە چەند نەتەوە پێكدێت و رێژەی نەتەوەكان چەندە، چونكە زۆرجار لە بەغدا پێمان دەڵێن ئێوە سەدا ١٧ی عێراق پێكناهێنن، بۆیەش بە بڕیارێكی سیاسیی ئەم رێژەیان كردە ١٢،٦ و بە داتای وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئاماری عێراقی، كوردستانیان بە سەدا ١٤ داناوە، بەڵام لە بوودجە بە ١٢،٦یان داناوە، لە میزانییەی پارێزگاكان بە سەدا ١٤ جێگریان كردووە، واتا ناڕێكییەك هەیە و بە دەستنیشانكردنی نەتەوە، دەتواندرێت ئەو بابەتە چارەسەر بكات".

+ ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی عێراقن، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، ئایا مافی بەشداریكردنی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتییان هەیە؟

وەزیری پلاندانان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان: "ناكرێت خەڵك لە دەرەوەی عێراق بن و ناونووس بكرێن، چونكە لە ئەنجامی سەرژمێرییەكە دەردەكەوێت كە بۆ نموونە ناوچەیەك چەند شەقام و ئاو و بنكەی تەندروستی و قوتابخانەی پێویستە، بۆیە ناكرێت كەسێك لێرە نەبێت و تۆ حیساباتی بۆ بكەیت، چونكە پێشتر داوا دەكرێت هەموو بگەڕێنەوە ناو ماڵەكانییان بۆ ئەوەی ژمارەیەكی دروست هەبێت و ئەوكات بەدیار دەكەوێت كە عێراق لە كوێیە و هەرێمی كوردستان لە كوێیە، تیمەكانی سەرژمێرییەكە كاتێك دەگەڕێن، ناڵێن چەند كەسن بەڵكو دەڵێن چەند كەس لەو ماڵەدا دەژین، بۆیە ئەوانەی لە دەرەوەن دەتوانن بگەڕێنەوە، ئەوانەیشی كە بەبێ ویستی خۆیان زێدی خۆیان جێهێشتووە ئەوا پێویستە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان، بۆ نموونە خەڵكی كەركووك كە دوای داگیركردنی كەركووك لەو شارە دەرچوونە بە ویستی خۆیان نەبووە، یان مەسیحییەكانی مووسڵ كە بە ویستی خۆیان نەبووە مووسڵیان جێهێشتووە، یان توركمان هەبووە لە تەلەعفەر و ئێستا لە كەركووك دەژیت و دەیەوێت بگەڕێتەوە شوێنی خۆی، دەبێت ئەوانە هەموو بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بۆ ئەوەی ئەنجامێكی دروستمان دەست بكەوێت".

+ لە كۆتاییدا، ئێوە دڵنیان كە پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق ئەنجام دەدرێت؟

دكتۆر دارا رەشید: "ناتوانم دڵنیاتان بكەمەوە، بەڵام بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە ئەگەر سەرژمێرییەكە بەمەبەستی پەرەپێدان بێت دوور لە مەبەستی سیاسیی بێت و نیەت هەبێت ئەو شوێنانەی كێشەی لەسەرە و مافی هاووڵاتییەكان پارێزراوبێت، دەتوانم بڵێم بە دڵنیایییەوە، پڕۆسەكە ئەنجام دەدرێت، ئەم هەفتەیە پرسەكە دەبەینە ئەنجوومەنی وەزیران، چونكە دوای ئەنجامی پرۆسەكە بەدیار دەكەوێت كورد چەندە و پێویست ناكات لە بەغدا رێژكەمان بۆ دیاری بكرێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن