ترەمپ هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئێران دەگۆڕێت

جیهان

6 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 255

راچڵەکین-

لە هەڵوێستێکی چاوەڕواننەکراودا، دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی پارتی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەڵێت:" بەلەبەرچاوگرتنی مەترسی ئەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، لەگەڵ ئەو وڵاتە بۆ گەیشتن بەرێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی گفتوگۆ دەکەم".

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەی "پۆلەتیکۆ"، ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک رایگەیاندووە، ئەگەر ببێتە سەرۆککۆماری ئەمریکا، دانوستان لەگەڵ حکومەتی ئێران دەکات. دەشڵێت:" بە لەبەرچاوگرتنی لێکەوتەکانی نەگەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران، دەبێت بگەینە ڕێککەوتن، دەبێت ئەم کارە بکەین”.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە ساڵی 2018 بڕیاریدا ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بکشێنێتەوە و سزای ئابووری بەسەر حکومەتی ئێراندا بسەپێنێت، ئێستا بیروڕای خۆی گۆڕیوە، هەرچەندە لەم دواییانەدا حکومەتی ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە پیلانی کوشتنی دادەڕێژێت.

دوای کشانەوەی لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، ترەمپ هەڵمەتی "زۆرترین فشار"ی دەستپێکرد بۆ وەستاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی حکومەتی ئێران، کە وتبووی بە ئامانجی رێگریکردنە لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی.

بەڵام ئەم کارە بووە هۆی ئەوەی ئێران رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبکاتەوە، هەروەها چالاکی ئەتۆمیش لە دەرەوەی چاودێری دەزگای وزەی نێودەوڵەتی زیاتر کرد. کە ئەمەش "نیگەرانی" وڵاتانی لێکەوتەوە لەوەی کە ئێران بەنیازە چەکی ئەتۆمی دروست بکات.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو گەشتی بۆ ئەمریکا کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند ئەوان ئامادەن لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا دانوستان لەم بارەیەوە دەستپێبکەنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن