راچڵەكین -
پارێزەرێكی شاری هەولێر لەناو بینای دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر، لەلایەن پاسەوانانی دادوەرێكەوە هێرشی دەكرێتەسەر و بە سەختی زامدار دەكرێت، لەسەر ئەو رووداوەش سەندیكای پارێزەرانی كوردستان سكاڵا یاسایی تۆمار دەكات.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست راچڵەكین كەوتووە، ئەمڕۆ سێشەممە، پارێزەرێك بەناوی سهاد عەبدولكەریم مەجید، لەكاتی ئەركی ئاسایی خۆیدا لەناو بینای دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر، لەلایەن پاسەوانانی دادوەرێكەوە هێرشی كرایەسەر و بەسەختی زامداریان كرد.
لەسەر ئەو رووداوە، بەختیار حەیدەر، سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان لە دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر سكاڵای یاسایی لەسەر پاسەوانەكانی دادوەرەكە تۆماركردووە.
تائێستا هۆكاری هێرشكردنە سەر پارێزەرەكە ئاشكرا نەكراوەو دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر-یش هیچ روونكردنەوەیەكی لەبارەی رووداوەكە بڵاونەكردووەتەوە.