راچڵەكین -
سوپای ئیسرائیل لە هێرش و بۆردومانەكانی بۆسەر كەرتی غەززە بەردەوامە و لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا نزیكەی 100 كەسی دیكە لە دانیشتووانی كەرتەكە كوژراون، بەپێی نوێترین ئاماریش، كۆی ژمارەی كوژرا و برینداران بۆ زیاتر لە 172 هەزار و 255 كەس بەرزبووەوە.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە كەرتی غەززە، بڵاویكردەوە، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا بەهۆی بەردەوامبوونی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە بۆسەر كەرتی غەززە، 98 هاووڵاتی مەدەنی كوژران و 385 كەسی دیكەش بریندار بوون.
سوپای ئیسرائیل لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەكەی بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی كەرتی غەززە، لەچەند رۆژی رابردوودا دەیان باڵەخانەی نیشتەجێبوونی خاپوور كردووەو دەیان هەزار كەسیشی ناچاركردووە لە باكوورەوە بەرەو باشووری غەززە كۆچبكەن.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، كۆی ژمارەی قوربانیانی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە لە رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری 2023وە گەیشتووەتە 65 هەزار و 62 كوژراو و 165 هەزار و 697 بریندار، كە زۆربەیان ژن و منداڵن.